سياسەت

هەولێر.. سێیەم کۆبوونەوە لەبارەی سەرژمێری گشتی

دارا رەشید: "مەترسییەکانی خۆمان وەک ھەرێمی کوردستان خستەڕوو لە بارەی ئەو سەرژمێرییەی کە بڕیارە ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت. ئێستا دۆخی عێراق، جێگیر و ئاسایی نییە، بۆیە ئەگەر ئەو سەرژمێرییە لە دۆخێکی ئاساییدا بکرێت ئێمەش پشتیوانی دەکەین".

Heman Hussein Yaseen  | 19.09.2019 - نوێکردنەوە : 20.09.2019
هەولێر.. سێیەم کۆبوونەوە لەبارەی سەرژمێری گشتی

Arbil

هەولێر - AA

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتی کە بڕیارە ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سێیەمی نێوان دەستەی ئاماری کوردستان و دەزگای ئاماری عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە هەولێر بەرێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەهدی عەلاق و سەرۆکی دەزگای ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، زیا عەواد کازم بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید گوتی: "لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق کۆبووینەوە و مەترسییەکانی خۆمان وەک ھەرێمی کوردستان خستەڕوو لە بارەی ئەو سەرژمێرییەی کە بڕیارە ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت. ئێستا دۆخی عێراق، جێگیر و ئاسایی نییە، بۆیە ئەگەر ئەو سەرژمێرییە لە دۆخێکی ئاساییدا بکرێت ئێمەش پشتیوانی دەکەین، چونکە سەرژمێرییەکانی دیکەی عێراق لە دۆخی نائاسایی کراون، بۆیە ھیوادارین ئەم سەرژمێرییە لە دۆخێکی ئاساییدا بکرێت".

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، خالید شوانی گوتی: "ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان لاریمان نییە لەبارەی سەرژمێری گشتی، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا ئێمە نیگەرانین و نامانەوێت بەو شێوەیەی کە حکوومەتی عێراق دەیەوێت سەرژمێری ئەنجام بدرێت، چونکە ئەو سەرژمێرییەی ھەیە کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتووی کاری حکوومەتەکانی ھەرێم و بەغدا، بۆیە ئەو لیژنەیەی کە کاری سەرژمێرییەکە دەکات دەبێت ئەو مەترسییانە بڕەونێتەوە و دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە تۆمار بکەن، ئێستاش دوای ئەم کۆبوونەوەیە، ئێمە چاوەڕوانی کۆبوونەوەکانی داھاتووی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەین کە ئامادەکارییە لۆجستییەکان لەو چوارچێوەیەدا چۆن دەبێت و دواتر بە راپۆرتێک دەخرێتە بەردەم ھەردوو حکوومەت کە ئامادەکارییەکان چۆن دەبن و چی دەکرێت و ئێمەش چ بڕیارێک دەدەین".

راوێژکاری سەرکۆماری عێراق، مەهدی عەلاق گوتی: "ئێمە بەپێی ئەو کاتەی لەبەردەستمانە کاردەکەین بۆ سەرژمێری کە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا بکرێت و ھەموو ئەو بابەتانەش لەبەرچاو دەگرین کە ھەندێک ناوچە دەبێت مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا بکرێت و ئەو ناوچانە بەپێی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کاری لەسەر دەکەین چونکە ئەو لیژنە ئامادەکارییەی ئێستا کاردەکات، شارەزایانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەنێودایە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن