Heman Husseın Yaseen
03 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2020
هەولێر-AA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان واژوو کرد، لێکتێگەیشتنەکە دیدگای ساڵی ٢٠٣٠ لەخۆ دەگرێت.
دارا رەشید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە گرنگی یاداشتەکە کرد و رایگەیاند کە پێویستە دیدگای ٢٠٣٠ ھۆکاری گرنگیدان بە سێکتەرکانی دیکەی ھەرێم و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ھەرێم و پەرەپێدانی بەردەوام و پەرەسەندنەکان بێت و لەئاست داخوازیەکانی ھاووڵاتییان بێت.
دارا رەشید گوتیشی: "لای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگە کە بەرچاوی روون بێت بۆئەوەی بتوانێت لە داھاتوو پەرەی زیاتر بە چ سێکتەرەێک بدات بەشێوەیەک لەم دیدگایە ھەنگاوەکانی چاکسازی و گەشەپێدانی خزمەتگوزاریەکان و فەراھەمکردنی ئازادییەکان و پێکەوە ژیان کاری سەرەکی دەبێت".
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "لە چەند ساڵی رابردوودا، قۆناغی سەختی دارایی و شەڕی تیرۆرمان تێپەراند و بەھەوڵی ھەموولایەک توانرا بەربەستەکان بشکێندرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پرسی سەرژمێریی لە عێراق کرد و گوتی: "ھەفتەی رابردوو کۆبوونەوەی بەرفراوان لەگەڵ لێپرسراوانی بەغدا ئەنجامدراوە و تا ئیستا ئامادەکاری و ھەنگاوەکانی ئەم پرسە بەشێوەیەکی باش بەرێوەدەچێت و وەک ھەرێمی کوردستانیش لەسەرەتاوە لەگەڵ بەرێوەچوونی سەرژمێری گشتین لەعێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام مەرج و داخوازی ئێمە لەو پرۆسەیە ئەوەیە بۆ مەبەستی سیاسی نەبێت و ئامانج لێی پەرەپێدان و گەشەپێدانی عێراق و ھەرێم بێت و لەگەڵ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان کە کورد و پێکھاتەکانی دیکە ناوچەکانیان جێھێشتووە".
دارا رەشید سەبارەت بە ئەنجامدانی و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان رایگەیاند کە کاری جیددی لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکرێت کە گرنگن و داخوازی سەرەکی ھاووڵاتییانن، لەماوەی رابردووشدا راپۆرتێکمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد لە بارەی ھاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتی لە پڕۆژە ستراتیجییەکان کە لەو رێگەیەوە دەرفەتی کار و بوژاندنەوەی زیاتر دەڕەخسێنێت لە ھەرێمی کوردستان.