Heman Husseın Yaseen
07 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2020
هەولێر - AA
رۆژی دووشەممەی رابردوو، وەزارەتی پلاندانان و پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد کە دیدگای ٢٠٣٠ لە خۆدەگرێت و وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە دیدگای دە ساڵە پلانی وەزارەتی پلاندانان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی بزاندرێت دیدگایان بۆ داهاتوو چییە.
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا رەشید ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، پلانەکەیان زیاتر لە دە ساڵ دانەناوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پلانەکەیان هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە و کار لەسەر باشترکردنی سێکتەرەکان دەکەن.
دکتۆر دارا رەشید لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر دیدگای ٢٠٣٠ی وەزارەتەکەی و گوتی: "پلانی دیدگای ٢٠٣٠ دە ساڵی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بزانین دیدگامان بۆ داهاتوو چییە، دواتر ئەم پلانە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە ساڵی ٢٠٣٠".
دکتۆر دارا رەشید گوتیشی: "بۆ نموونە، ئەگەر باسی سێکتەری تەندروستی بکەین، سەیر دەکەین چوار ساڵی داهاتوو لە چ قۆناغێکین، دە ساڵی داهاتوو دەگەین بە کوێ، بێگومان ئەم پلانە لە هەموو وڵاتاندا هەیە کە پلانی ٥٠ ساڵیی دادەندرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە بۆیە پلانمان بۆ دە ساڵی داهاتوو داناوە".
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە بەپێی پلانەکە دەیانەوێت هاووڵاتییان تەنها پشت بە دامەزراندن نەبەستن بەڵکو کەرتی تایبەت بەکاربهێنن و مافەکانیشیان وەک فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بێت و گوتیشی: "بزانین دیدگامان چییە بۆ نموونە لە سێکتەری کشتوکاڵ، پیشەسازی و سێکتەرەکانی دیکە دەمانەوێت لە کوێ بین، ناتوانین هەر پشت بە نەوت ببەستین و خەڵکیش چاوەڕوانی دامەزراندن بکات، بۆیە دەبێت بزانین کەرتی تایبەت لە کوێیە، بزانین ئایا هەر ئەو بیرکردنەوە دەمێنێت خەڵک لە کەرتی گشتی بێت یان دەتوانین کەرتی تایبەتیش بەکاربهێنین بە هەمان ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە فەرمانبەرێک لە کەرتی گشتییدا هەیەتی، بۆیە گرنگی بە هەموو سێکتەرەکان دەدەین و بەرهەمەکەیشی دەبینین".
لەبارەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو هاوکار و پاڵپشتی پڕۆژەکە، وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "وەکو پڕۆژە، پڕۆژەی وەزارەتی پلاندانانە، نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی هەموو ئەو پڕۆژانە دەکەن کە پەرەپێدانی وڵاتی پێوە دیارە، بۆیەش ئەوان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە کە خەڵکی شارەزا بهێنن بۆ ئەوەی سوودیان لێوەگرین و پلانی دە ساڵی داهاتوو ببێتە بەرنامەیەک بۆ کابینەکانی دواتری حکوومەت، نەک کابینەیەک دواتر بێت و نەزانێت چی کراوە".
وەزیری پلانادان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "پڕۆسەی پەرەپێدان و بەرەوپێشچوون بە رۆژێک و ساڵێک ناکرێت، رەنگە ئەوەی ئێستا قسەی لێ دەکەین، کابینەکەش تەواو دەبێت ئینجا بەرهەمەکەی دەبینین، بەڵام دەبێتە دیدگایەک بۆ کابینەکانی داهاتوو. داوامان لە سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە نوێنەریان هەبێت لەسەر ئاستی بەڕێوەبەری گشتی بە سەرەوە بۆ ئەوەی هەموو وەزارەت و دەستەکان لە هەموو سێکتەرەکان بەشداربن لە دیدگای ٢٠٣٠ چونکە هەموویان پەیوەستن بە پڕۆسەکە و دەبینە تەواوکەری پلانەکە".
رۆژی ٣/٢/٢٠٢٠ وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دکتۆر دارا رەشید، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان واژوو کرد کە تیایدا دیدگاکە پلانی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ماوەی دە ساڵ کە تیایدا گرنگی بە سێکتەرە جیاجیاکان دەدرێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ھەرێم و پەرەپێدانی بەردەوام کە لە ئاستی داخوازییەکانی خەڵک بێت.