Zana Natık Kerem
06 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2022
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پوختەی ئەنجامی بەشداریی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو کۆڕبەندی جیھانی بۆ وزە و ئەو کۆبوونەوانەی کە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکاندا لە ئیمارات ئەنجام دران، دەخرێتەڕوو.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ئامادەسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوکەدا، لەبارەی رەشنووسی (پڕۆژە یاسای پاڵپشتیی نائاسایی بۆ ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان) کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵییەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی، ھەروەھا لەسەر بابەتی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٢، گفتوگۆ دەکرێت.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ئەنجامی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٧٦)ی ٢٠٢٠/١٠/٧ کە تایبەتە بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ھەردوو ماددەی (٩) و (١٠) لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و ھەروەھا خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان-عێراق.