ئەمڕۆ بەغدا میوانداری ٣٤هەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی دەکات
- بۆ چوارەمین جار، بەغدا میوانداری سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی دەکات بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچە و جیهان.

Arbil
هەولێر - AA
٣٤هەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوە دەچێت.
بە بەشداری سەرۆک و سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی ٢١ وڵاتی عەرەبی و نوێنەرانی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، ٣٤هەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەی وڵاتانی عەرەب لە ٣٤هەمین دانیشتنی کۆمکاری عەرەبیدا کە لە ژێر ناو و نیشانی دیالۆگ و هاوپشتی و گەشەپێدان (حوار و تضامن و تنمیة)، بەڕێوەدەچێت، لەبارەی دۆخی ناوچەکە و جیهان و ئاستەنگ و ململانییەکان گفتوگۆ بکەن.
پێشتر بەغدا سێ جار لە ساڵانی ١٩٧٨، ١٩٩٠ و ٢٠١٢ میوانداری کۆمکاری عەرەبی کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت، دۆخی فەڵەستین و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی کۆمکاری عەرەبی بێت.
هاوکات، هاریکاریی سیاسی و ئابووری ئەندامانی کۆمکار و هەروەها هەڵسەنگاندنی دوایین دۆخی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەوانەش سووریا، سوودان، لەسەرووی باس و خواسەکانی کۆبوونەوەکە بێت.
تا ئێستا ئامادەنەبوونی هەریەکە لە سەرکۆماری سووریا ئەحمەد شەرع، سەرکۆماری لوبنان جۆزف عەون، سەرکۆماری جەزائیر عەبدولمەجید تەبوون و پاشای ئۆردن شاعەبدوڵڵای دووهەم، لە ٣٤هەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی یەکلابووەتەوە.
بەر لە کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، بەغدا جارێکی دیکە ڕۆڵی مێژوویی خۆی بەجێ دەگەیەنێت و میوانداری برایانی عەرەب دەکات بۆ داڕشتنی ڕوانگەیەکی ستراتیژیک بۆ داهاتوو و گوتیشی: "کۆمکاری عەرەبی دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی و باس کردن لە چەند پرسێکی گرنگ و یەکڕێزی و بەهێزکردنی هەڵوێستەکان.