Bekir Aydoğan
14 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی رایگەیاند کە بارەگای رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە شاری کەرکووک بوونی ھەیە و ئاسایشی کەرکووکییەکان لە ژێر مەترسیدایە.
لە ھەولێر، بە ئامادەبوونی ھەریەک لە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف، بەرپرسانی حزبی تورکمانی و ژمارەیەکی زۆر لە میوانان، رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆفیسی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
کاراچای، لە گوتارێکیدا لە میانی رێورەسمەکەدا ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە تورکمانەکان سێیەم پێکھاتەی عێراق و دووەم پێکھاتەی ھەرێمی کوردستانن و گوتی، "ئێمە ھەموو کات ئاواتەکانمان باسکردووە لەوەی برا تورکمانەکانمان پێویستە لە ژیان، سیاسەت، ئابووری و ھەموو بوارەکانی دیکە بگەنە ئەو ئاستەی کە شایەنیانە".
کاراچای، جەختی لەوە کردەوە کە لەو بڕوایەدان ئەم نووسینگە نوێیەی بەرەی تورکمانی کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە ئاراستەی ھێنانەدی ئەو ئاواتانەیان و گوتی، "ھەموو کات پاڵپشتیمان بۆ برا تورکمانەکانمان دووپاتکردووەتەوە".
- "ئاسایشی کەرکووکییەکان لەژێر ھەڕەشەدایە"
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی لەبارەی رێککەوتنی نێوان بەغدا و ھەولێر لەسەر دەرکردنی پەکەکە لە شنگال کە پێنج مانگ پێش ئێستا واژۆکراوە، بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بە بەدوور راگرتنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا دێتەدی.
ساڵحی گوتیشی: "چەندین جار ئەوەمان بە حکوومەتی عێراق گوتووە، کە داڵدەدانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەر لە وڵاتانی دراوسێ زیان بە عێراقییەکان دەگەیەنێت. پێش دوو رۆژ لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لەو ھێرشەی کە لەوێ (شنگال) کردییانە سەر سوپای عێراق گرژییەک دروستبوو. بەداخەوە حکوومەتی عێراق دەستبەجێ ئەمەی چارەسەر نەکردبوو".
ساڵحی، سەرنجی بۆ بوونی پەکەکە لە دەرەوەی شنگال راکێشا و گوتی:
"ھەبوونی رێکخراوی تیرۆریستی لە دەوروبەری کەرکووک و لە ناوچەکانی چیمەن و لەیلان بەشێوەیەکی مەترسیدار و داڵدەدانی ئەم رێکخراوە لە نێو سنووری کەرکووک، لە مەخموور و شەنگال مەترسیدارترە. حکوومەتی عێراق لەم بابەتە بەرپرسیارە".
ساڵحی، جەختی لەوەش کردەوە کە بووونی پەکەکە لە کەرکووک ھەڕەشە بۆ سەرجەم عێراقییەکان دروستدەکات و گوتی: "لە ئێستادا لە دەوروبەری کەرکووک لە چیمەن و لە لەیلان لە ناو سنووری کەرکووک، بارەگای رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە ھەیە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئاسایشی کەرکووکییەکان لە ژێر ھەڕەشەدایە. لەگەڵ ئەمەشدا ھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە باکوورەوە و دابەشکردنی لە ناوەندی شاری کەرکووک مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئێمە. بۆ سەرجەم کەرکووکییەکان و عێراقییەکان ھەڕەشەیە".
- "ئەم گرووپانە (پەکەکە) ھەموو ڕۆژێک ھەڕەشە درووستدەکەن"
لای خۆیەوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت و ناوچەکە ئاساییبکرێتەوە.
راشیگەیاند کە سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی شنگال کاریگەری لەسەر ھەموو ناوچەکە دەبێت.
مەعروف گوتیشی: "زیاتر لە ١٠٠ ھەزار برای ئێزدیمان کە بە زۆرەملێ ئاوارە بوونە، بەھۆی ئەم گرووپە نایاساییانەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکەیان" و جەختی لەوەش کردەوە کە بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بە پلە یەک دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق.
سەبارەت بەو پێشمەرگەیەی کە دوێنێ لە ناوچەی سیدەکانی ھەولێر کە بەھۆی تەقینەوەی مینێکی پەکەکە گیانیلەدەستدا ئایدن مەعروف گوتی:
"بەداخەوە دوێنێ پێشمەرگەیەک بەھۆی تەقینەوەی مینێک کە لەلایەن پەکەکەوە چێندرابوو گیانیلەدەستدا. پێویستە بە زووترین کات ئەم کێشە ئەمنییە چارەسەر بکرێت. ئەم گرووپانە ھەموو رۆژێک ھەرەشە درووستدەکەن. پێش ماوەیەک ھێرشیان کردبووە سەر ھێزی پێشمەرگە و چەند پێشمەرگەیەکیش شەھید بوون. ھەربۆیە پێویستە بە زووترین کات چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ ھێزە چەکدارییە نایاساییەکانی ئێرە و ئەم کێشە ئەمنییە چارەسەر بکرێت. چونکە ھەبوونی ئەم کێشە ئەمنییە بە نەرێنی کاریگەری لەسەر بوارەکانی دیکەدا دەبێت".
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف، جەختی لەوەش کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و راشیگەیاند کە پەیوەندییەکی باشی سیاسی، کلتووری و ئابووری لە نێوان ھەولێر و ئەنقەرە ھەیە و ھەموو کات پاڵپشتی باشترکردنی ئەم پەیوەندییانەیان کردووە.