Zana Natık Kerem
17 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە ئامانجی گەڕانەوە لە بێلاڕووس ناوی خۆیان تۆمارکردووە، گەیشتووەتە ٣٠٥ کەس.
بەپێی میدیا عێراقییەکان، ئەحمەد سەحاف راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ھاتووە "تا ئێستا، ناوی ٢٤٠ کۆچبەرمان تۆمارکردووە کە دەیانەوێت بە ئارەزوویی خۆیان لە بێلاڕووس بگەڕێنەوە و ٦٥ کۆچبەری دیکەیش بە ئامانجی گەڕانەوە، داوای پاسپۆرتیان کردووە".
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ھاتووە "لەئێستادا، تیمی دیپلۆماتیی عێراقی لە بێلاڕووس لە ھەمانگییدان بۆ ئەوەی گەشتێکی نائاسایی ئەنجام بدرێت بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆلەندا گیریان خواردووە".
دوێنێ سێشەممە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاندبوو، ناوی ١٧٠ کۆچبەریان لە بێلاڕووس تۆمارکردووە کە دەیانەوێت بە ئارەزوویی خۆیان، بگەڕێنەوە.
پێشتریش ئەحمەد سەحاف رایگەیاندبوو کە لە ھەشت کەمپدا لە سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، ٥٧١ کۆچبەری عێراق تۆمار کراون و ئاشکراشی کردبوو لە ١٨ی ئەم مانگە گەشتی ئاسمانیی بە ئامانجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانە رێکدەخەن کە لە سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆلەندا گیریان خواردووە.
ماوەی چەند مانگێکە لێشاوی کۆچبەرانی عێراقی لە رێگای بێلاڕووسەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا بەردەوامە و لە ماوەکانی رابردوودا، گەورەترین لێشاوی ئەو کۆچبەرانە لە شاری گرۆدنۆ کە ھاوسنوورە لەگەڵ پۆڵەندا رووی دا.
لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی عێراقی لەسەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا گیریان خواردووە.