Rewa Mahmood Hasan
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2021
سلێمانی - AA
دەنگدانی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە چەند بنکەیەک کە بۆیان دیاری کراوە لەچوارچێوەی دەنگدانی تایبەتدا لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووەو تائێستا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپی ئاشتی لە شارۆچکەی عەربەت دەنگ دەدەن، کە لەنێویاندا ئاوارەکانی شنگال خوازیارن لەرێی دەنگدانەوە رەوشی ئاڵۆزی ئەمنی ناوچەکەیان باش بکەن.
هاوشێوەی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە پارێزگای سلێمانی دەنگدانی ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ ئاوارە ئێزدییەکانی نیشتەجێی کەمپی ئاشتی لە شارۆچکەی عەربەت دەستیپێکرد.
زیاتر لە ٢هەزار دەنگدەری ئاوارەی نیشتەجێی کەمپی ئاشتی لە شارۆچکەی عەربەت کە خۆی لە ئاوارەکانی پارێزگای سەلاحەدین و ئێزدییەکانی شنگالدا دەبینێتەوە، ئەمڕۆ لە رێگەی هەریەک لە ناوەندەکانی دەنگدان لە خوێندگەکانی بنەڕەتی شەنگار و ئاشتی دەنگ دەدەن.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو بە مەیدانی لە نێو ناوەندەکانی دەنگداندا لە هەریەک لە خوێندنگەی شەنگار و ئاشتی لە شارۆچکەی عەربەت ئەوەی بەدیکرد کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان بە جۆش و خرۆشەوە دەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
هەندێک لە دەنگدەران بەهۆی پەککەوتەییانەوە لەسەر کورسی کەمئەندامان لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکەیانەوە هێنرابوونە سەر سندوقەکان دەنگدان، ناوبەناو کەسانی بەتەمەنیش کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی نێو مەڵبەندەکەوە ئاسانکارییان بۆ دەکرا، پەیتا پەیتا دەچوونە سەر سندوقەکان دەنگدان. هەندێکیش لە دەنگدەران، بەهۆی نەهاتنەوەی ناوەکانیان لە نێو لیستی دەنگدەرە تایبەتەکاندا، بێزاری خۆیان دەردەبڕی بەهۆی ئەوەی کە بێبەش بوون لە پرۆسەی دەنگدان.
ئەوەتا پورە تەحفیە عەلی باس لەوە دەکات کە ناوی نەهاتۆتەوە لەو قوتابخانەیەی بۆی دیاری کراوە، تاوەکو دەنگ بدات، هەر بۆیە بە دڵشکاویەوە هاتۆتە دەرەوەو ملی رێگا دەگرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو خوێندنگەیەی کە ئەگەری هەیە ناوی تێدا هاتبێتەوە.
پورە تەحفیە باس لەوە دەکات کە ئەوان بۆ ئەوەی ئاسەواری شەرو داعش بسڕنەوە پێویستە دەنگ بدەن وهەر بۆیە هاتوونەتە سەر سندوقی دەنگدان و دەڵێت، "رێیان نەدا ئێمە بچینە سەر سندوقی دەنگدان، گوتیان ناوتان لێرە نییە، گوتیان بچنە مەکتەبی ئێزدییەکان، ئێوە ئێزدین، من لە کەمپی ئاشتی لە عەربەتەوە هاتووم، بەڵام ناوم نییە بۆیە دەچمەوە ماڵەوە و دەنگ نادەم، حەزم دەکرد دەنگم بدایە و سەربکەوتینایە، تاوەکو دۆخی شنگال خۆش بکەین، چونکە ئێمە تاوەکو شنگال دۆخی باشتر نەبێت ناچینەوە، هیوادارم دۆخی باش بێت، چونکە شنگال دۆخی خراپە، هیچ شتێکی تێدا نییە، ئەمن و ئاسایشی تێدا نییە، کارەبا نییە، رەوشی ئەمنی خراپە، بۆیە ناچینەوە هەتاوەکو باش نەکرێت، هاتین دەنگ بدەین بۆ ئەوەی ئەو دۆخە باش بکەین".
لە کاتژمێر حەوتی بەیانی لە سەرانسەری عێراق دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی ھەردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی ئاوارەکان کرانەوە و پرۆسەکە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە سەرانسەری عێراقدا لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە.
لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق ٥٩٥ بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و ١٢١ بنکەیان لە ھەرێمی کوردستانە، ٥٢ بنکەیان لە ھەولێر، ٤١ بنکە لە سلێمانی و ٢٨ بنکەش لە دھۆک.
ئاوارەکان لە ھەمان رۆژی دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن، بەپێی داتای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان لە عێراقدا ئەوانەی وەک ئاوارە لای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمارکراون، ژمارەیان ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە لە شوێنی مانەوەیان، لەوانە زیاتر لە ١١٧ ھەزاریان لە کەمپەکاندا دەمێننەوە کە لە سەرانسەری عێراق ٢٨ کەمپی ئاوارەکان ھەن و ٢٦یان لە ھەرێمی کوردستاندان، بەڵام نزیکەی ٥٤٠ ھەزار ئاوارەی دیکەش ھەن لە شارەکاندا دەژین و وەک ئاوارە تۆمارنەکراون و دەبێت بگەڕێنەوە شار و ناوچەکانی خۆیان دەنگ بدەن.
بۆ ئەو ئاوارانەی لە ھەرێمی کوردستان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن ٦٠ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە، ٣١ بنکەیان لە دھۆک، ٢٠ بنکە لە ھەولێر و نۆ بنکەشیان لە سلێمانییە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.