Sarmand Hameed
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندندا بكەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کاری میدیایی و رووماڵکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونی بە رۆڵی گرنگی میدیا لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و رووماڵکردنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە، داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن بكەن".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوایشی کردووە کە لە قۆناغەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتیی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تا میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە میدیا و رۆژنامەنوسان کراوە، لە چوارچێوەی هەمان رێنمایی هەڵسوكەوت بكەن و رێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامیی لە ئەركدان.
ئەمرۆ هەینی هەشتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد و رۆژی یەکشەممە ١٠ی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت.