Hemn Baban
23 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2019
ھەولێر - AA
پیشانگاکە بە مەبەستی پێدانی زانیارییە بەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە تورکیا درێژە بە خوێندن بدەن و لە نزیکەوە شارەزای سیستەمی خوێندن و وردەکارییەکانی ببن.
رۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ئەم مانگە پیشانگایەک بۆ ٢٣ زانکۆی تورکیا دەکرێتەوە کە تیایدا زانکۆکان لە نزیکەوە زانیاریی تەواو سەبارەت بە خوێندن و سیستەمەکانی دەدەن بەو فێرخوازانەی لە ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەیانەوێت بۆ خوێندن رووبکەنە زانکۆکانی تورکیا، پیشانگاکەش بە سەرپەرشتی وەقفی مەعاریفی تورکی دەبێت.
بەرپرسی وەقفی مەعاریفی تورکی لە عێراق، محەمەد ئەمین شیمشەک رایگەیاند "بۆ یەکەم جار پیشانگای پەروەردەیی لە عێراق سازدەکەین کە بەگشتی زانکۆکانی تورکیا تیایدا بەشدار دەبن".
محەمەد ئەمین شیمشەک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە پیشانگاکەدا، ٢٣ زانکۆی گەورە و دیاری تورکیا بەشدار دەبن، ھەروەک دەزانیین لە عێراق خواستێکی زۆر ھەیە بۆ خوێندن لە تورکیا لە لایەن فێرخوازانەوە و ئێمە لە چوارچێوەی پیشانگاکەدا ئەو قوتابییانەی دەیانەوێت لە تورکیا بخوێنن لەگەڵ ئەو زانکۆییانەی لە تورکیا کە دەیانەوێت قوتابی وەربگرین بەیەکتر ئاشنا دەکەین".
محەمەد ئەمین شیمشەک ھەروەھا ئەوەشی گوت "برا عێراقییەکانمان پێش ئەوەی بۆ تورکیا بۆ خوێندن بچن دەمانەوێت لێرەوە راستەوخۆ لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا زانیاریی تەواو وەربگرن و دەرفەتی پرسیارکردنیان لەوبارەیەوە بۆ بڕەخسێنین".
بەرپرسی وەقفی مەعاریفی تورکی لە عێراق ئەوەشی روونکردەوە کە پیشانگاکە بریتییە لە پێدانی زانیاریی و رێنمایی بە فێرخوازانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کە دەیانەوێت لە تورکیا درێژە بە خوێندنی زانکۆیی لە بوارەکانی دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بدەن.
پیشانگاکە لە رۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ئەم مانگە لە ھۆڵی ھۆتێل دیدمان بەڕێوەدەچێت و بەیانییان لە کاتژمێر ١٠:٠٠ تا ١٧:٠٠ بەردەوام دەبێت و زانکۆ بەشداربووەکان زانکۆی حکوومی و ئەھلین.