Hemn Baban
28 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2019
ھەولێر - AA
پیشانگای زانکۆکانی تورکیا لە ھەولێر دوو رۆژ دەخایەنێت و دوێنی یەکەم رۆژی پیشانگاکە بوو، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر فێرخواز سەردانی بکەن.
دوینێ شەممە پیشانگای پەروەردەیی زانکۆکانی تورکیا لە ھۆڵی ھۆتێل دیدمان لە شاری ھەولێر کرایەوە کە تیایدا ٢٨ زانکۆی تورکیا ھاتوونەتە ھەرێم بۆ ئەوەی ئۆفەر و زانیارییەکانی خوێندن لەو وڵاتە بۆ فێرخوازانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بخەنە بەردەست.
پیشانگاکە کە ئەمڕۆ یەکشەممەش بەردەوامیی دەبێت لە کردنەوەکەیدا کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەقفی مەعاریفی تورکی و بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەی ھەرێم و پەرلەمانتار و چەندین خوێندکاریش بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەوێ ئامادەبووبوون.
بەرپرسی وەقفی مەعاریفی تورکی لە عێراق، محەمەد ئەمین شیمشەک رایگەیاند "وەکو وەقفی مەعاریفی تورکیا بۆ یەکەمجارە لە ھەولێر ھەڵدەستین بەکردنەوەی پیشانگای خوێندن، بۆ ئەنجامدانی چالاکیی پەروەردەیی داواکارییەکی زۆر ھەیە بەو ھۆیەوە ویستمان ئەو قوتابییانەی دەیانەوێت لە تورکیا بخوێندن و درێژە بەخوێندنی زانکۆیی بدەن لەگەڵ زانکۆکاکانی تورکیا بەیەکترییان ئاشنا بکەین".
محەمەد ئەمین شیمشەک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "٢٨ زانکۆی تورکیا بەشدارن لەم پیشانگایەدا، پیشانگاکە خواستێکی زۆری لەسەرە و قوتابیان لێرە دەیانەوێت لە تورکیا درێژە بەخوێندن بدەن کە ئێمە لێرە ئاسانکارییان بۆ دەکەین".
کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای لە وتارێکدا لەبەردەم ئامادەبووانی رێوڕەسمی کردنەوەی پیشانگەکە گوتی: "تورکیا لە بواری خوێندندا بووەتە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھان، لەئێستادا لە ٢٠٥ زانکۆی تورکیادا، حەوت ملیۆن و ٦١٦ ھەزار قوتابی درێژە بەخوێندنی زانکۆیی دەدەن، ھەموو ساڵێک بۆ بونیادنانی ژێرخانی زانکۆکان زیاتر دەبێت و لەھەمان کاتدا خواستی ھاوڵاتییانی تورکیا و دەرەوەی تورکیاش زیاتر دەبێت".
هاکان کاراچای گوتیشی: "تاوەکو ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە تورکیا دەیانخوێند زیاتر لە ١٢٥ ھەزار قوتابی بوون و لە ئامانجەکانی ساڵی ٢٠٢٣ کار دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئەو ژمارەیە بۆ ٢٥٠ ھەزار قوتابی، واتە دوو ھێندە".
کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای ھەروەھا گوتی: "ئەو فێرخوازانەی لە عێراق دەیانەوێت بۆ خوێندن بچنە تورکیا ئاسانکاریی پێدانی ڤیزایان بۆ دەکرێت".
چەندین فێرخواز لەنێو پیشانگاکەدا ھەبوون کە دەیانویست بۆ پرسیارکردن لەسەر زانکۆکانی تورکیا زانیاریی وەربگرن بۆ ئەوەی درێژە بەخوێندن بدەن، ھەربۆیەش نوێنەرانی ئەو زانکۆیانەی تورکیا زانیاریی تەواویان بە فێرخوازان دەدا.