Heman Hussein Yaseen Yaseen
24 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2019
هەولێر - AA
بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، ١٣هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، بەهاوکاری کۆنسولخانەی فەڕەنسا لە هەولێر بکرێتەوە کە ئەم پێشانگایە ساڵانە دەکرێتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦وە بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژبە داعش، نەکراوەتەوە.
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوول تا سێی تشرینی یەکەم ١٣هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بکرێتەوە و لەئێستادا کۆمپانیای چەند وڵاتێک خۆیان تۆمارکردووە.
عەبدوڵڵا ئەحمەد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "رۆژی ٣٠ ئەیلوولی ئەمساڵ، ١٣هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستاوە ژمارەیەک کۆمپانیا لە ١٠ وڵاتی جیاوازەوە خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بەشداری پێشانگاکە بکەن".
عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٦دا، هەمان پێشانگا کرایەوە و تیایدا کۆمپانیاکانی ١٩ وڵات بەشدارییان تیادا کرد بەڵام ئەمساڵ چاوەڕێ دەکەین تا مانگی ئەیلوول، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمانیاکانی وڵاتان خۆیان تۆمار بکەن و بەشداری لە پێشانگاکەدا بکەن".
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: "پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر هەموو ساڵێک دەکرایەوە و هەموو کەرتەکانی ئابووری و بازگانی لە خۆدەگرێت و لە ساڵی ٢٠١٣دا، نزیکەی ٨٥٠ کۆمپانیا لە ٢٥ وڵات بەشداربوون و دوا پێشانگا لە ساڵی ٢٠١٦ کرایەوە کە تیایدا ١٨ وڵات بەشداربوون و ئەمساڵیش هیوادارین ئەم ژمارەیە بەرزبێتەوە".
لەبارەی زانیاری زیاتر لەسەر پێشانگای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتی: "تا ئێستا ٢٠٠ کۆمپانیا لە ١٠ وڵاتەوە خۆیان تۆمارکردووە ئەوانیش بریتیین لە چوار وڵاتی ئەورووپایی، دوو وڵاتی عەرەبی، وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران، هیندستان و چین، بە دڵنیایییەوە رێژەکەش زۆر زیاد دەکات".
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، ئەمساڵ وەک دەستەی ئەم پێشانگایە، هەندێک لە وڵاتانی پاڵپشتی دەکەن کە بریتین لە مولحەقاتی بازرگانی فەڕەنسا و وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی کۆماری چیك و خاوەنکارانی کۆماری چیک، دەستەی ناردەنی کوێت، داواش لە کۆمپانیا خۆماڵییەکان دەکات کە دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش و بەشداری پێشانگاکە بکەن.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەرپرسی بەشی ئابووری لە کۆنسولخانەی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر، محەمەد سەعید مزووری گوتی: "ئێمە وەک بەشی بارزگانی و ئابووری لە کۆنسولخانەی فەرەنسا لە هەولێر پاڵپشتی ئەم پێشانگایە دەکەین، بێگومان لە ساڵی ٢٠١٦ تا ساڵی ٢٠١٨ پێشانگای هەولێری نێودەوڵەتی راوەستابوو، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ جێگایەکی فەڕەنسی رێکدەخەین و کۆمپانیاکان دەهێنینە هەرێمی کوردستان و دەمانەوێت پەیوەندیی بەهێزتر بێت، دەمانەوێت کۆمپانیا فەڕەنسییەکان زیاتر بوونیان هەبێت و لەبواری ئابووری و بازرگانی پەیوەندییەکانمان بەرەوە پێشەوە بچێت".