Heman Hussein Yaseen
23 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2024
هەولێر -AA
سێشەممەی ڕابردوو، چواردەھەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ بیناسازی بە بەشداری زیاتر لە ٣٦٥ کۆمپانیای بیانیی و ناوخۆیی کرایەوە کە لە نێویاندا کۆمپانیای ٣٨ وڵات بەشدارن بۆ خستنەڕووی کەرەستەکانی بیناسازی و پێشانگاکەش ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
زۆرترین کۆمپانیای بەشداربوو، کۆمپانیاکانی تورکیان کە ئامێر و کەلوپەلەکانیان نمایشکردووە بۆ ئەوەی بتوانن هەم کڕیار بدۆزنەوە، هەم لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە گرێبەست ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هارس، محەمەد جامپوڵات سەبارەت بە بەشداریکردنییان لە پێشانگاکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ١٤ ساڵە خەریکی کاری بیناسازین، ئامێرەکانمان تایبەتن بەم بوارەوە، یەکەمجارە بەشداری لە پێشانگایەکدا دەکەم بەو هیوایەی بتوانین لەماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا ژمارەیەک موشتەری بۆ کارەکەمان بدۆزینەوە".
محەمەد جامپوڵات گوتیشی: "بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمی ریکلامکردنەوە، تا ئێستا گرێبەستێکی گەورەمان نەکردووە لەگەڵ کۆمپانیاکان و چاوەڕێ دەکەین لە کۆتا ڕۆژدا ئەنجامێکی باشمان هەبێت".
هاوکات یەکێکی دیکە لە کۆمپانیا تورکییەکان کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی بابەكەنى لەحیمکردن، گەشبینن بە بەشداریکردنیان لە پێشانگاکە.
بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە کۆمپانیای نوریس، کەیکوبات سانجاکتار ئۆغلو بۆ ئاژانسی ئاناۆدڵو گوتی: "کۆمپانیاکەمان ئەزموونێکی زۆری ھەیە لەبواری بابەتەکانی لەحیمکردن، یەکەمجارە بەشداری پێشانگایەک لەم جۆرە دەکەین، ھیودارین بابەتەکانمان بە پێی خواستی کڕیارەکان بێت".
بەڕێوەبەری کۆمپانیای تاسەر، سۆران یونس گوتی: "لە ساڵی ٢٠١١ ەوە وەکیلی بڕاندێکی میسڕین لە عێراق، تەواوی کاڵاکان لە وڵاتی میسڕ بەرهەم دەهێنرێت بەڵام بە کوالێتی ئەڵمانی، ئەمە سێیەمجارە بەشداری پێشانگاکە دەکەم بە ئامانجی ئەوەی بتوانین کاڵاکانمان بە ئاسانی بە موشتەرییەکانمان بگەیەنین بۆ ئەوانەی دەیانەوێت پڕۆژەیەک ئەنجام بدەن بتوانن ئاسانتر کاڵاکانییان بەدەست بگات".