Rewa Mahmood Hasan
15 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2022
سلێمانی - AA
ئەمساڵ بەشێوازێکی جیا یادی کارەساتی هەڵەبجە دەکرێتەوە و کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانیش بایکۆتی ساڵیادی کارەساتەکە دەکەن و بەڕێوەبەری شەهیدانیش داوا دەکات هەموو لایەک رێز لە قوربانییان بگرن و و بەشداری مەراسیمەکان بکەن.
هەموو ساڵێک لە ١٦ی ئازاردا، یادی کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە کە بوویە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە پێنج هەزار کەس و برینداربوونی دەیان هەزار و بێسەروشوێن بوونی سەدانی تر، دەکرێتەوە.
ماوەی دوو ساڵە بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاری کۆرۆناوە، یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەشێوەیەکی سادە بەڕێوە دەچێت و هیچ جۆرە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستە ناکرێت و خەڵکی شارەکە و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، بە جیاجیا و بەشێوەی سەربەخۆ سەردانی مەزارگە و مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەنەوە.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی یادەکە لەم ساڵدا، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدانی هەڵەبجە و گوتەبێژی ساڵیادی ١٦ی ئازار، کامەران مستەفا عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە ئامادەکارییەکان بۆ یادەکە تەواو بوون و بەبێ هیچ کێشەیەک یادەکە دەکرێتەوە و گوتی: "هەموو ساڵێک لە مانگی یەکدا بەسەرپەرشتیاری پارێزگاری هەڵەبجە، یەکە ئیدارییەکانی شارەکە کۆبوونەوەی تایبەت دەکەن بە ئامادەکاری بۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە، ئەمساڵ ئێمە لە ٢٠ی کانوونی دووهەمەوە دەستمان کردووە بە کۆبوونەوە و خۆئامادەکردن بۆ مەراسیمی یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، تا ئێستا سێ کۆبوونەوەمان کردووە کە لە دوایین جاردا وەزیری شەهیدانیش ئامادەی بوو، هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە پەیوەستن بە ئامادەکاری یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، هاوکات رێکخراوەکانیش، هاودەنگ و یەک وتار بووین کە بەیەکەوە یادێکی شایستە ئەنجام بدەین، چونکە لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی کۆرۆناوە نەتوانراوە وەک پێویست و بەشێوەیەکی شایستە یادەکە بکرێتەوە".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا کامەران مستەفا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی هەڵەبجە لەکاتی خۆیدا دەرخستەیان ئامادە کردووە بۆ وەزارەت، بەڵام درەنگ وەڵامیان داونەتەوە و گوتی: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان لەکاتی خۆیدا دەرخستەمان ئامادە کردووە ئاراستەی وەزارەتی شەهیدانمان کردووە و پێنجشەممەی رابردوو پەسەند کراوە لە وەزارەتەوە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک تا ئێستا نەگەیشتووەتە دەست ئێمە، تەنیا ئەوەی کە پەیوەستە بەئێمەوە ئامادەکردنی فلێکس و بەشە تایبەتەکانی یادەکەیە".
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی یادەکە، بەڕێوەبەری یادی کارەساتی ١٦ی ئازار گوتی: "یادەکە لە دوو شوێن ئەنجام دەدرێت، یەکەمیان لەنێو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، خەڵک کە سەردانی دەکات، لەئێستادا ئامادەکارییەکان تیایدا بەردەوامە، هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەک رۆشنبیری و پۆلیسی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تر لەو رۆژەدا هەماهەنگ دەبن بۆ بەڕێوەچوونی یادێکی شایستە، بەتایبەت لیژنە ئەمنیەکانیش بۆ دابینکردنی رێوشوێنی پێویست، ئەوەی تر لەسەر مەزاری شەهیدان بەڕێوەدەچێت".
سەبارەت بە هۆکاری بەشداری نەکردنی هەندێک لە رێکخراوەکانی تایبەت بە قوربانییانی کارەساتی کیمیابارنی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان گوتی: "دیارە لەم چەند رۆژەی پێشوودا کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە و چەند رێکخراوێکی تر سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتادا هەماهەنگ بوون لەگەڵ ئێمەدا، بەڵام ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشداری ناکەن، ئێمە دەڵێین ئەوانەی رەخنە دەگرن، پەنجە بخەنە سەر برینەکان و باسیان بکەن و خاڵ بەخاڵ دیاری بکەن کە چییە بۆتە هۆکاری دواکەوتنی هەڵەبجە، چییە وای کردووە پارەی شەهیدان و دابینکردنی موڵک و زەوی و زار بۆ خاوەنی شەهیدەکان دابین ناکرێت، گرفتی نەخۆشخانەی تایبەت بە بریندارانی کیمیاباران باس بکرێت، بەڵام نەکردنەوەی یادەکە، رێزنەگرتنە لە قوربانییانی خۆت و هیچ کاتێک ناتوانیت خۆتی پێبەریتە پێشەوە".
لە بارەی ئەو کەسایەتییە سیاسییە دەرەکییانەی لەمساڵدا بانگهێشت کراون بۆ مەراسیمەکە کامەران مستەفا گوتی: "ئێمە کەسمان بە رەسمی بانگهێشت نەکردووە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی یادی کارەساتی ٣٤ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڵام بەخێرهاتنی هەموو کەسێ دەکەین، ئەم دوو ساڵەی رابردووش بەهەمان شێوە بووە، دەمانەوێت یادەکە لە هۆڵێکەوە بگۆڕین بۆ دەرەوە و هەرکەسێک هات هەروەک کۆنسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان خۆیان هاتن، ئەمساڵیش بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت، بەڵام کەسمان بانگهێشت نەکردووە. ئێمە دەمانەوێت کە شکۆی قوربانییانی هەڵەبجە بەرز رابگرێت، ئێمە پێمان وایە کە ئەگەر خۆمان نەتوانین ئەو یادە بکەینەوە و بەرز رایبگرین، ئەوا مۆمی هەڵەبجە دەکوژێتەوە".