Sarmand Hameed
03 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2020
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، کاردەکەن بۆ پێداچوونەوە بە ئەرکی هێزەکانی پاراستنی یاسا، چونکە ئامانج لە پێکهێنانی ئەو هێزە پاراستنی هاووڵاتییانە نەک سووکایەتی پێکردنیان.
مستەفا کازمی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە حامد سەعید، ئەو نەوجەوانەی رۆژی رابردوو گرتە ڤیدیۆی سووکایەتی پێکردنی لە مێدیاکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە، کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کازمی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ حامد سەعید رایگەیاندووە، هەست بە خەم و ئازارێکی زۆر دەکات بۆ ئەو رووداوەی کە روویداوە، و ئاماژەی بەوە کردووە کە کولتووری بەردەوامی سووکایەتپێکردن بە هاووڵاتییان لەلایەن کەسانێکەوە کە پێگەکەیان بۆ ئەو کارە دەقۆزنەوە، پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاییکەرەوە هەیە.
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی رایگەیاندووە، "ئەوەی روویداوە سووکایەتی بوو بە شکۆی هاووڵاتیی کە ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی بووینەوە و بۆ بەرگرتن لە دووبارەنەبوونەوەیشی بەردەوام دەبین".
کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوەی روویداوە نابێت وەک رەوشتی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لێی بڕوانرێت چونکە هێزە ئەمنییەکان پێشتر و لە ئێستاشدا لە پێناو عێراق جەنگاون و دەجەنگن، هەر کەسێکیش بوون و پێگەی خۆی لەناو هێزە ئەمنییەکان بۆ سووکایەتیپێکرن بقۆزێتەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و سزا دەدرێت.
کازمی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە کاردەکەن بۆ پێداچوونەوە بە ئەرکی هێزەکانی پاراستنی یاسا، چونکە ئامانج لە پێکهێنانی ئەو هێزە پاراستنی هاووڵاتییانە نەک سووکایەتی پێکردنیان.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەڵمەتێکی هۆشیاری بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ دەستپێدەکەن.
کازمی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەر پێویستییەک و بەڵێنی ئەویشی داوە کە خودی خۆی خەرجی پێداویستییەکانی خوێندنی حامد سەعید لە ئەستۆ بگرێت.
مستەفا کازمی بەڵێنی ئەوەیشی داوە ئەوانەی ئەو کارەیان بەرامبەر بە حامد سەعید ئەنجامداوە سزا دەدرێن ئەمەش بە ئامانجی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی شکۆی هاووڵاتییان و ناوبانگی هێزەکانی ئەمنییە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سوپاسی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان ـی کردووه بۆ چارەسەرکردنی رێکارە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە ئازادکردنی نەوجەوان، حامد سەعید بەشێوەی دەستەبەری.
جێی ئاماژەیە، دوێنی بەشێک لە میدیاکانی عێراق و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی گرتەیەکی ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان بەدڕندەترین شێوە سووکایەتی بە نەوجەوانێک دەکەن و دوای رووداوەکەش سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەمەستی دیاریکردنی ناوی سەرپێچیکاران لە هێزەکانی پاراستنی یاسا، دوای چەند کاتژمێرێک ناوی سەرپێچیکاران دیاریکران و کۆتایی بە راژەی کارکردنیان هێنرا، هەروەها دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کرا.