Rewa Mahmood Hasan
07 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2021
سلێمانی-AA
نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تیروپشکێکدا ژمارەی تۆماری کاندیدەکانی بازنەکانی سنووری پارێزگاکەی دیاریی کرد.
ئەمڕۆ نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆڵیتەکنیک، تیروپشکی بۆ ٦٣ کاندیدی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق ئەنجام دا کە خۆی لە پێنج بازنەدا دەبینێتەوە، ئەوانیش بازنەی باشوور و باکووری سلێمانی کە ٢٩ کاندید خۆیان بۆ حەوت کورسی کاندید دەکەن و لە بازنەی هەڵەبجە هەشت کاندید خۆیان بۆ سێ کورسی کاندید دەکەن و لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ١١ کاندید بۆ چوار کورسی لە کێبڕکێدا دەبن و لە سنووری ئیدارەی گەرمیان-یش کە بازنەی پێنجەمە کێبرکێ لەسەر بەدەستهێنانی چوار کورسی دەکەن.
لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا لە کۆی ٦٣ کاندید، ٢٣ یان ژن و ٤٠ یان پیاون.
دوێنێ سێشەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاشکرایکردبوو کە سێ ھەزار و ٢٤٣ کاندید بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە پەسەندکراون کە بەسەر ٨٣ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکراون.
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ٤٩٠ ھەزار و ٣٤١ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.