Zana Natık Kerem
07 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند کە چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای ئەو وڵاتە کراون.
سەرچاوەکە بۆ میدیاکانی عێراق ئاشکرایکردووە کە مووشەکەکان لەناو بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کەوتوونەتەخوارەوە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، مووشەکەکان لە ناوچەیەکی سنووری کارگێڕیی ناحیەی بەغدادی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کراون و گوتی: "ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە بنکەکەدا جێگیرکراون، ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی ئەو ناوچەیە کردووە کە چوار مووشەکەکەی لێوەی ئاراستەکراوە".
سەرچاوەکە زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
ناوە ناوە مووشەکی کاتیوشا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکرێن، بێ ئەوەی ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لەبارەی ھێرشەکانەوە رابگەیەنێت.
بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق و یەکێکە لەو بنکانەی کە دەیان سەربازی سوپای ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.