Rewa Mahmood Hasan
21 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2020
سلێمانی-AA
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە یەکەم كۆبوونەوەی ساڵی تازەیدا، پرۆژەی رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشی کشتوکاڵ تاووتوێ دەکات.
ئەمرۆ ٥٥ هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا پرۆژەی رەخساندنی هەلی كاری بۆ دەرچوانی بەشی كشتووكاڵ تاوتوێكرد و بە زۆرینەی دەنگیش پرۆژەكە پەسەند كرا.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رێککەوت زەکی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بە پرۆژەکە کرد و گوتی:
'' فشارێکی زۆر لەسەر ئێمە و حکوومەت لەلایەن ئەو دەرچووانەی زانکۆکان کە هێشتا دانەمەزراون هەیە ، بەشێک لەو دەرچووانە، دەرچووی بەشی کشتوکاڵن، لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی پارێزگا پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە، سەبارەت بەو زەوییانەی تایبەتن بە وەزارەتی کشتوکاڵ و بەکارناهێنرێن، بۆ ئەوەی بەکرێ بدرێتە دەرچووانی بەشی کشتوکاڵییەکان و ئەوان بەکاریبهێنن وەک پرۆژەی خۆیان. تێیدا بەرووبوومی کشتوکاڵی بچێنن و لە کەرتی کشتوکاڵییدا بەکاریبهێنن''.
سەبارەت بە ئامانجی پرۆژەکە، رێککەوت زەکی ئاماژەی بەوەدا کە لەرێی ئەو پرۆژەیەوە، دەرچووان دەتوانن کارێکیان دەستبکەوێت، هاوکات بەرهەمی ناوخۆیی کشتوکاڵ دەبوژێتەوە، دواتر حکوومەت داهاتێکی دەستدەکەوێت لەو کرێیانەی وەریدەگرێت و ئەمەش لەبری دامەزراندنە و دەتوانن ئەو دەرچووانەی زانکۆ سەرقاڵی پیشەکەی خۆیان بن.
پرۆژەکە لەگەڵ پەسەند کردنیدا لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە، دوای راوێژ کردن لەگەڵ کەسانی یاساییدا، بە تێروتەسەلی دەکرێتە پرۆژەیەکی گەورە و ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکرێت، تاکو لەسەر ئاستی هەرێمیش سوودی لێوەرگیرێت، نەک تەنیا لە سلێمانیدا.
رێککەوت زەکی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هیوایان بە پرۆژەکە هەیە، چونکە پێش هەموو شتێک فشار لەسەر حکوومەت کەم دەکاتەوە، چونکە داوای دامەزراندن کەم دەبێتەوە، کاتێک ئەو گەنجانە دەخاتە سەرکار.