Rewa Mahmood Hasan
20 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2020
سلێمانی-AA
لە شاری سلێمانی، ئەنجوومەنی فشار کۆبونەوەیەکی فراوانی بۆ نوێنەری چین و توێژە جیاوازەکانی ناو شاری سلێمانی و شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان وکەرکووک رێکخست.
کۆبوونەوەکە لە نێو بارەگای یەکێتی کەمئەندامان بەڕێوەچوو، دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئەنجامی کۆبوونەوەکە کە بە مەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی و دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان ئاشکرا کرا.
ئەندامی ئەنجوومەنی فشار، ئومێد محەمەد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە دوای چەند کۆبوونەوەیەک بڕیار دەدەن لە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەرییەکان لە گشت شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان.