Arif Yusuf
21 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2018
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی باشوور رێگەیان بە ھەزار زیارەتکاری ئێرانی نەداوە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، بێنە ناو عێراقەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە ئەو ھەزار زیارەتکارە ئێرانییانەی کە رێگەیان پێنەدراوە بێنە ناو عێراق، ڤیزای پاسپۆرتەکانیان ساختەبووە.
دوێنێ شەممە دەستەی گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاندبووکە، پێشبینی دەکرێت کە زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن بێنە عێراق.
رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بە یەکێک لە گرنگترین بۆنەکان لای شیعە دادەنرێت کە ساڵانە بە ھەزارەھا ھاووڵاتی شیعە لە عێراق و سەرانسەری جیھان بە مەبەستی بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە روو لە پارێزگای کەربەلا دەکەن.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان لە دەروازەی سنووری شەلامجە لە بەسرە و زرباتییە لە واست کە لە باشوورە، دوو دەروازەی سنووری عێراقن لەگەڵ ئێران، رێگەیان بە ھەزار زیارەتکاری ئێران نەداوە بێنە ناو عێراق بە ھۆی ئەوەی ڤیزای پاسپۆرتەکانیان ساختەبووە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە ھێزە ئەمنییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی باشوور لەگەڵ ئێران رێوشوێنەکانیان لە بەرامبەر ھاتنی زیارەتکارانی ئێران چڕکردووەتەوە و باسی لەوەشکرد کە رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار زیارەتکاری ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن دێنە ناو عێراقەوە.