Abdullah Shukur
18 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
مووسڵ
مانگی سووری تورکی (قزڵای)، ھاوکاری خۆراک و کەلوپەرلی وەرزی زستانەی پێشکەش بە ٦٠٠ خانەوادەی نزیک گوندی بایبۆغی باکووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ کرد.
لەمبارەیەوە بەرپرسی لقی عێراقی مانگی سووری تورکی، شەفەق لۆستار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لەوەتەی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە ١٧ی تشرینی یەکەم، ھەوڵیاندایە ھاوکاری مرۆیی بگەیەننە گشت ئاوارەکانی ناوچەکە.
لۆستار راشیگەیاند کە ھاوکاری خۆراک و جلوبەرگیان پێشکەش بە ٦٠٠ ئاوارەی نزیک گوندی بایبۆغ کردووە، کە لە شاری مووسڵەوە ئاوارەبوونە.
لۆستار ئاماژەی بەوەدا کە تاکو ئێستا لە رێگای مانگی سووری تورکییەوە ھاوکاری ٧٥ ھەزار خێزان کراوە. گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی ئاوارەکانی ناوەندی شاری مووسڵ و دەوروبەری".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، نورەدین کاپلان کە ئەرکی رێکخستنی دابەشکردنی ھاوکارییەکانە، گوتی: "سوپاسی گەلی تورکیا دەکەین لە بەرامبەر ھاوکاریکردنی خەڵکی سڤیل. مانگی سووری تورکی ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە لە چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا".
کاپلان ئاشکراشی کرد کە ھەزاران تورکمان لە شارۆچکەی تەلەعفەر ھەڵاتوون و چوونەتە ناوچەی عەزازی سووریا و لەوێش لە دۆخێکی زۆر خراپدان. گوتی: "نزیکەی مانگێکە ھەزاران تورکمان لە سنووری نێوان تورکیا و سووریادان. ھیوادارین ئەوانە لە تورکیا نیشتەجێ بکرێن".