Şenhan Bolelli,Muhammet Ali Kemal
28 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2017
بارسێلۆنا- AA
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئیسپانیدا بڵاوکراونەتەوە، سەبارەت بە یارییەکەی سبەێنێی نێوان هەردوو یانەی جیرۆنای هەرێمی کەتەلۆنیا کە تێیدا میوانداریی یانەی ریاڵ مەدرید لەمیانی یارییەکانی خولی ئەو وڵاتەدا دەکات، خراوەتە لیستی ئەو یارییانەی کە لە رووی ئاسایشەوە مەترسیی زۆریان لەسەرە.
لە هەواڵەکاندا بانگەشەی ئەوەکراوە کە سەرەڕای دڵنیاییدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەڵام بەمەبەستی رێگرییکردن لە روودانی هەر پێشهاتێکی نەخوازراو، یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت.
لەبەر مەترسی ئەمنی ئەو پاسەی یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدرید دەگوازێتەوە نابرێتە جیرۆنا و لەدەورووبەری ئەو هۆتێلەش کە یاریزانانی یانەی شاهانەی تێدا دەمێننەوە، رێوشوێنی ئەمنی توند دەگیرێتە بەر.
هاوکات راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، زەینەدین زیدان خۆی لە هەر لێدوانێک سەبارەت بەو بابەتە لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی بەر لە یارییەکە ئەنجامیدا، بەدوورگرت و رایگەیاند: ''لە لای ئێمەوە هیچ شتێکی نائاسایی بوونی نییە. تەنها ئەوەیە بیر لە یارییەکەی سبەینێ دەکەمەوە. جگە لەوە ناچمە نێو هیچ بابەتێکی دیکەوە. وەک هەر یارییەکی دیکەی دەرەوەی یاریگای خۆمان، گەشتەکەمان ئەنجامدەدەین. سەبارەت بەوەی کە یارییەکە دوابخرێت یان بێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبجێت، هیچ زانیارییەکمان لەلایەن لالیگاوە پێنەگەیشتووە''.
لای خۆیشییەوە راهێنەری یانەی جیرۆنا، پابڵۆ ماچین باسی لەوەکرد هیچ دۆخێک کە مایەی نیگەرانی بێت بوونی نییە و هیوادارین یارییەکەی سبەینێ لە کەشێکی هاوشێوەی کەشی جەژندا بەڕێوەبچێت.