Hemin Hüseyin
28 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
هەولێر-AA
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەحمود حاجی ساڵح رایگەیاند، بە پێی یاسایەک کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە، ئەوا مینحەی مانگانەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی دەخرێتە سەر عێراق.
مەحمود حاجی ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مەھدی عەلاق گفتوگۆمان کردووە و دۆسیەیەکمان پێیداوە کە دۆسیەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی تێدا بووە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکرێت کە مینحەی مانگانەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بخرێتە سەر عێراق".
ئاماژەی بەوەشکرد کە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی قسەیان کردووە و ئەویش بە تێبینی لای خۆی نووسیویەتی کە پێویستە بە پێی دەستوور ئەو مینحەیەی مانگانە بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان دەدرێت، بخرێتە سەر بوودجەی عێراق.
ئەو گوتیشی: "بە ئاگاداری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم داواکارییە بووەتە بڕیار و لە داھاتوودا لێژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتەکەمان و دامەزراوەی شەھیدانی عێراقی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێک دەھێندرێت".
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ئاشکرایشی کرد کە لێژنەیەک پێکهاتووە بۆ پێداچوونەوە بە لیستی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی و گوتی: "مەبەستمان نییە مووچەی کەس ببڕین، بەڵام ھەر کەسێک بەڵگەی ھەیە کەسێک بە نایاسایی کراوەتە شەھید، با بۆمان بنێرێت، ئێمەش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین.
مەحمود حاجی ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەیەکی ھاوبەش پێکھێنراوە ئەویش لەسەر ئەو ھەڵسەنگاندنەی کە بە ٣٨٤ ملیار دۆلار وەک زیانلێکەوتنی کوردستان خەمڵێنراوە لەسەر دەستی رژێمی پێشوو.
بە پێی گوتەی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی هەرێم، نزیکەی ١٠٠ ھەزار کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی هەیە کە نزیکەی ٤٠ ملیار دینار وەردەگرن و وەزارەتەکەشیان هەزار ٤٣٠ فەرمانبەری ھەیە.
دوێنێ سێشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە ١٥ئاسایی خۆیدا دەنگی بە پڕۆژە بڕیارێک داوە کە لە بەرژەوەندی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسییە سەبارەت بە یەکخستنی رێنماییە دارایی و کارگێڕییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو دەزگای شەهیدان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی سەر بە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ کە جگە لە یەکخستنی مینحەکانییان ئەوا ماف و ئیمتیازاتەکانیشیان هاوتا دەبن.