Muhammet Ali Kemal
09 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2017
ئیستانبول - AA
راهێنەری فەڕەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، زەینەددین زیدان دوای سەرکەوتنی بەسەر یانەی مانچستەر یونایتددا و بردنەوەی جامی سوپەری ئەورووپا، نازناوێکی دیکەی خستەسەر خەرمانی نازناوەکانی.
زەینەدین زیدان کە لە سەردەمی یاریزانییدا، ١٠ وەرز لە یانەکانی یوڤێنتوس و ریال مەدرید یاریکردووە و لەو ماوەیەدا ١٢ جامی بردووەتەوە لە پیشەی راهێنەرایەتییدا کە لەگەڵ یانەی زەبەلاحی شاهانەی مەدرید دەستی پێ کرد، درێژەی بە بردنەوەی جامەکان دا.
زیدانی تەمەن ٤٥ ساڵ کە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو بووە راهێنەری ریال مەدرید، لەو ماوەیەدا کە ٥٨٤ رۆژە، ٦ جامی بردووەتەوە.
- لە ٨٨ یاریدا ٦ جام
زیدان لەوەتی بووەتە راهێنەری یانەی شاهانە، یانەکەی بەشداریی لە ٨٨ یاریی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا کردووە و نزیکەی هەر ١٥ یاریی جارێک، جامێکی بردووەتەوە.
ریال مەدرید لەو یارییانەدا، ٢٤٧ گۆڵی تۆمارکردووە و ٩٢ گۆڵی لێ تۆمارکراوە. زیدان توانیوەیەتی لەسەدا ٧٥ی سەرجەم یارییەکان لەگەڵ یانەی شاهانەدا بباتەوە.
- ئەو ٤ راهێنەرەی زۆرترین نازناویان بردووەتەوە
لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٤دا راهێنەر میگێل مونۆز کە ١٤ جامی بردووەتەوە و ٩یان نازناوی خولی ئیسپانیا بوون، لە پلەی یەکەمی ئەو راهێنەرانەدا دێت کە زۆرترین نازناویان بردووەتەوە. لویس مۆلۆنی بە بردنەوەی ٨ جام لە پلەی دووەمدایە، ڤیسێنتی دیل بۆسکی، بە بردنەوەی ٧ جام لە پلەی سێیەم و زیدان بە بردنەوەی ٦ جام لە پلەی چوارەمدا دێت.