Sangar Hamad Azeez
03 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2018
دۆحە - AA
وڵاتی قەتەر کە میوانداری مۆندیالی ٢٠٢٢دەکات، رایگەیاند دوو ساڵ بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال تەواوی ئەو یاریگایانە ئامادە دەبێت کە یارییەکانی مۆندیالی تێدا بەڕێوەدەچێت.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوبەری کارگێری پەیوەندییەکان لە لیژنەی باڵای ئاوادانکردنەوە و پرۆژەکانی قەتەر، فاتمە نعێمی گوتی: "دوو ساڵ بەر لە دەستپێکردنی مۆندیال لە قەتەر تەواوی ئەو یاریگایانە ئامادە دەبن کە یارییانی مۆندیالیان تێدا بەڕێوەدەچێت".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "لە ئایاری ٢٠١٧ یاریگای نێودەوڵەتی خەلیفە تەواو بوو لە ئێستاشدا کاری دروستکردنی ٧ یاریگای دیکە بەردەوامییان هەیە، بە گوێرەی پلانەکان لەم ساڵدا دوو لەو یاریگایانە تەواو دەبن".
نعێمی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ئابلۆقەیەی سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسڕ خستیانە سەر ئەو وڵاتە کاریگەری نەکردووەتە سەر کارەکانیان.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان کە گوایە مۆندیالی ٢٠٢٢ لە دوو وڵات ئەنجام دەدرێت نعێمی گوتی: "مۆندیالی ٢٠٢٢ تەنیا لە وڵاتی قەتەر ئەنجام دەدرێت کە لە ٢١ی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و لە ١٨ی کانوونی یەکەم بە کۆتا دێت لەم ماوەیەش ٦٤ یاری ئەنجام دەدرێت".
بەڕێوبەری کارگێری پەیوەندییەکان لە لیژنەی باڵای ئاوادانکردنەوە و پرۆژەکانی قەتەر گوتی: "میوانداریکردنی ئەو مۆندیالە لە لایەن قەتەر هەنگاوێکی باشە بۆ هەموو ناوچەکە، لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جار دەبێت مۆندیال لە وڵاتێکی عەرەبی موسڵمان بەرێوەبچێت، بە دڵنیاییەوە ئەوەش دەبێتە بەرزکردنەوەی ورەی تەواوی وڵاتانی عەرەبی ئەمە وێڕایی کارگەری ئەرێنی لە بوارەکانی ئابووری و مرۆیی".