Azat Muhammet
04 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2017
دهۆک-AA
ئەمڕۆ چەندین لێکۆڵەر و شارەزا لە بوارى ئایین و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە سێیەم کۆنفرانسى زانستى لە پارێزگاى دهۆک دید و بۆچوونى خۆیان لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە بۆ ئامادەبووان دەربڕى و هەرێمى کوردستانیان بە ناوچەیەکى ئارام و سەقامگیر لە ناوچەیەکى پڕ لە شەڕ و ئاڵۆزى وەسف کرد.
سەرپەرشتى کۆنفرانس و سەرۆکى لێژنەى زانستى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانست، پڕۆفیسۆر عەبدولڕەحمان سپیندارى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەبەر ئەوەی هەرێمى کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستى داعش، هەموو هەوڵ و ئامانجێکمان خستووەتەگەڕ بۆ رووبەڕووى بیرى توندڕەوی، چونکە بیرى توندڕەوى یەکێک لەو بنەمایانە کە گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى بەناوى (داعش) لەسەرى دمەزراوە، یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانى کۆنفرانسیش تیشک خستنەسەرى خەباتى یاسایی بۆ دیاریکردنى تیرۆرى هاوچەرخى نێودەوڵەتى و هەڵسەنگاندنى، بە هەمان شێوە جەختمان لە پاراستنى مافى مرۆڤ لە هەڕەشەکانى تیرۆر کرد".
گوتیشى: "یەکێک لە بنەماکانى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر لێک جیاکردنەوەى ئایینى ئیسلامى پیرۆز و کردەوەى تیرۆریستییە، داعش کردەوەى تیرۆریستى بە ئایینى ئیسلام بەستووەتەوە لە کاتێکدا کە ئەوانەى داعش ئەنجامى دەدەن هیچ پەیوەست بە ئایینى ئیسلام و هیچ ئایینێکى دیکە نین، داواشمان لە هەموو هاووڵاتییان و وڵاتانى ئیسلامى کرد کە بە پشت بەستن بە شەریعەتى ئیسلام رووبەڕووى دیاردەى تیرۆر ببینەوە لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان".
ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێت "مەترسى گەورە لەسەر ئاییندەى ناوچەکە هەیە، هەرچەند دەزانین داعش بەرەو نەمان دەڕوات و رۆژ لە دواى رۆژ ناوچە و خاکى زیاتر لە دەست دەدەن، بەڵام بیرى توندڕەوى یان بڵێى بیرى داعش درەنگتر لەناو دەچێت، بۆیە ئەرکە قورسەکە دواى نەمانى داعش دەست پێدەکات، ئەویش بڵاوکردنەوەى میانڕەوى و بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکى دوور لە توندڕەوییە".
وڵاتانى بەشدار لە کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانست لە پارێزگاى دهۆک بریتى بوون لە سعوودیە، قەتەر، فەڕەنسا، مالیزیا، لوبنان، میسر و سووریا، هەر وڵاتێک بە چەند پسپۆڕێک لە بوارى جیاجیا ئامادەیی لە کۆنفرانسەکە هەبوو، هەمووشیان جەختیان لەسەر لەناوبردنى هزرى تیرۆریزم کردەوە، باسیان لە دیارترین ئەگەرەکانى سەرهەڵدانى تیرۆر لە عێراق، سووریا و هەموو جیهان کرد، رۆڵى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە یەکێک بوون لە گرنگترین خاڵەکانى بێهێزکردنى داعش لە ناوچەکە بوون.
لە هەمان کاتیشدا بە گرنگییەوە باس لە گرنگى رۆڵى راگەیاندن لە بەشى سەربازى و مەدەنى کرا، لە رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستان و بیرى توندڕەویی، داواش لە هەموو چین و توێژەکانى کرا کە پێویستە هۆشیارى نەتەوەیی بکەن، چونکە دیاردەى تیرۆر قاڵبێکى نێودەوڵەتى وەرگرتووە و زۆرینەى وڵاتان بە دەستییەوە دەناڵێنن.
لە کۆنفرانسەکان چەندین تابلۆ نمایشکران کە گوزارشتییان لە کارەساتەکانى شنگال و کردەوەکانى وەک دەستبڕین و برسیکردنى منداڵان و چەندین تاوانى دیکەى داعش دەکرد. دواتر لە رێگەى کورتە فیلمێکى دیکیۆمێنتارى خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.