Sangar Hamad Azeez
28 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2016
یارییەکانی پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا درێژەیان هەیە و ئەم هەفتەیەش چەندین یاری لووتکە ئەنجام دران.
لە خولی پرێمیەر لیگ یاری لووتکە لە نێوان چێڵسی و تۆتنهام بەڕێوەچوو و تیایدا چێلسی بە بردنەوەی لە تۆتنهام بە ئەنجامی ٢-١ کۆی خاڵەکانی گەیاندە ٣١ خاڵ لە ١٣ یاریدا و بە تەنیا یەکەمی ریزبەندی خولەکەی گرتە دەست و لە دوای ئەمیش یانەی مانچستەر سیتی دێت بە ٣٠ خاڵ.
گۆڵکارانی خولەکەش تاوەکو ئێستا هەریەک لە دییگۆ کۆستا لە چێلسی و سێرجیۆ ئەگوێڕۆ لە مانچستەر سیتی-ن بە تۆمارکردنی ١٠ گۆڵ بە هاوبەشی.
لە خولی لا لیگا، بەرشەلۆنە نەیتوانی گرێکۆرەی ریال سۆسیداد بکاتەوە و دیسان بە یەک گۆڵ یەکسان بوون.
دوای تێپەڕبوونی ١٣ هەفتە، ریال مەدرید بە ٣٣ خاڵ پێشەنگی ریزبەندی لا لیگای گرتووە و لە دوای ئەمیش بەرشەلۆنە دێت بە ٢٧ خاڵ.
گۆڵکاری خولەکەش تاوەکو ئێستا کرستیانۆ رۆناڵدۆ-یە بە تۆمارکردنی ١٠ گۆڵ.
لە خولی سێری ئای ئیتاڵیا-ش، یوڤێنتوس بۆ یەکەم جار لەم وەرزەیەدا و بە ئەنجامی ٣-١ بە جێنەوا دۆڕا، بەڵام سەرەڕای دۆڕانەکەی بە کۆکردنەوەی ٣٣ خاڵ یەکەمی ریزبەندی گرتووە و دوای ئەویش رۆما دێت بە ٢٩ خاڵ.
گۆڵکاری خولەکەش یاریزان ئیدین دزیکۆ-یە لە یانەی رۆما بە تۆمارکردنی ١٢ گۆڵ.
لە خولی بۆندسلیگا بە شێوەیەکی چاوەڕان نەکراو لایپزیگ بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و لەم هەفتەیەشدا بە بردنەوەی لە فایبۆرگ بە ٤-١ کۆی خاڵەکانی گەیاندە ٣٠ خاڵ و یەکەمی ریزبەندی گرتووە و دوای ئەمیش بایەرن میونخ دێت بە ٢٧ خاڵ.
گۆڵکاری خولەکەش یاریزان پێر ئۆبامیانگا-یە لە یانەی دۆرتمۆند بە تۆمارکردنی ١٣ گۆڵ.
لە خولی فەڕەنساش نیس سەرەڕای یەکسان بوونی لەگەڵ باستیا بە کۆکردنەوەی ٣٣ خاڵ یەکەمی ریزبەندی گرتووە و دوای ئەویش مۆناکۆ دێت بە ٣٢ خاڵ.
گۆڵکاری خولی فەڕەنساش یاریزان ئەدیسۆن کاڤانی-یە لە پاریس سانجێرمان بە تۆمارکردنی ١٣ گۆڵ.