Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2017
سلێمانی ـ AA
پێشانگەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی بە ناونیشانی (هەناسەیەك بۆ ئاسوودەیی شنگال، یادێك بۆ سارێژی زامەكانی شنگالییەكان) لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی كرایەوە.
فۆتۆگرافەر، ناسیح عەلی خەیات لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە پێشانگەكەدا، 30 فۆتۆی تایبەت بە جینۆساید و نەهامەتی ئێزدییەكانی شنگال نمایش كراوە، كە ئاماژە بە تراجیدیا و جینۆساید و ئەو نەهامەتیانە دەكات كە لەكاتی داگیركردنی شنگال ئێزدییەكانی بەدەستی داعش بەسەریان هاتووە و چیرۆكی ژیانیان باس دەكات".
ئەو گوتی: " فۆتۆكان لە رۆژی 16ی ئابی 2014 لەسەر چیای شنگال گیراون، لەو كاتەی ئێزدییەكانی شنگال بە هۆی داگیركردنی شارەكەیانەوە و بۆ رزگاركردنی گیانی خۆیان، بەرەو چیای شنگال ئاوارەبوون و ژیانێكی زەحمەتیان لەو كاتەدا بەڕێدەكرد".
ئەم پێشانگایە پێشتر بۆ ئێزدییەكانی كەمپی ئاشتی لە عەربەت نمایش كراوە، ساڵی 2016 ش لە فێستیڤاڵێكی تایبەت بە شنگال لە فەڕەنسا بەم وێنانەوە بەشداری كردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە.