Sarmand Hameed
27 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی یەکگرتوو پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی ھاوسەرۆکی یەکێتی، لاھور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حزبە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە دیدارێکدا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە کراوە و جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و خەڵکی ھەرێم کراوتەوە و ئاماژە بەوەکرا کە پێویستە ھەموو لایەنەکان بەگشتی و لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت بەتایبەت ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکانی ھاووڵاتییان بە تایبەت پرسی دابینکردنی مووچە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژنسی ئانادۆڵو، لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی چارەسەری کێشەکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا کراوە و بەپێویست زانراوە ھەوڵە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان چڕتر بکرێنەوە بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک کە سوودمەندی یەکەم تیایدا ھاووڵاتییانی ھەرێم بێت.