Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی رۆژی ٣٠ ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان و دەرکەوتنی سەنگ و قەبارەی لایەنە سیاسییەکانی بەشداری پڕۆسەکە، لە ئێستادا لایەنە سەرکەوتووەکانی پڕۆسەکە کەوتونەتە خۆیان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و مژاری گەرمی نێو خۆی لایەنەکان چۆنێتی پێکھێنانی حکوومەت و پشکی ھەر لایەنێکە لەو کابینە نوێیەدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنی براوەی ھەڵبژاردن و سەرەکی پێکھێنانی حکوومەت دەبێت و بە گوتەی بەرپرسانی ئەو حزبە لە نزیکترین کاتدا دەکەونە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییە براوەکانی ھەڵبژاردن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، لایەنی دووەمی براوەی پڕۆسەکەش یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە و ماوەی ٢٧ ساڵە لەگەڵ پارتی ھاوبەشن لە بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان و لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێش لایەنێکی سەرەکی دەبن.
بزووتنەوەی گۆڕان دوای دامەزاندنی و لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ ی پەرلەمانی کوردستان توانی ئەنجامێکی گەورە بەدەست بھێنێت و ٢٥ کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد، لە خولی سێھەمی پەرلەماندا لەگەڵ لایەنەکانی تری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەرەیەکی بەھێزی ئۆپۆزسیۆنیان دامەزراند، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ ی پەرلەماندا کە ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا بەشداری لە کابینەی حکوومەت کرد و چەند پۆستێکی سیادی و ھەستیاری لە پەرلەمان و حکوومەت وەرگرت، لە ھەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمان لە ٣٠ئەیلولی رابردوو گۆڕان روبەڕووی شکستێکی گەورە بوویەوە و زیاتر لە نیوەی دەنگەکانی لەدەستدا و تەنھا ١٢ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا.
ئەنجامی ھەڵبژاردن کاردانەوەی گەورەی لەناوخۆی ئەو حزبە و دەرەوەیدا دروستکردووە و لەسەرەتاوە باسیان لە ئەگەری بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی و کاری پەرلەمانتاریش دەکرد و پڕۆسەکەیان بە ساختەکاری و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ـ یشیان بە ئەنجامدانی ساختەکاری گەورە تۆمەتبار دەکرد، بەڵام لە ئێستادا و لە سەروبەندی دەستپێکردنی قۆناغی گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکوومەت، باس لە مەیلی بەرپرسانی ئەو حزبە بۆ بەشداری کردن حکوومەت و داواکاری ئەندامانی خوارەوە و لایەنگرانی حزبەکەش بۆ بوون بە ئۆپۆزسیۆن دەکرێت.
ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، کوێستان محەمەد لەبارەی شێوازی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و بڕیاری حزبەکەی بۆ بەشداری کردن لە حکوومەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە گوتەی بەشێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان حکوومەتێکی بنکە فراوان دادەمەزرێنن و لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دەست بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان دەکەن بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بۆیە ھەردوو ئەگەرەکە بوونی ھەیە لەوەی ھەردوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان حکوومەتێکی جووت حزبی یان حکوومەتێکی بنکە فراوان پێکبێنن، ئەگەر ھەر سێ لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری ئەو حکوومەتەش نەکەن ئەوا ئەوکات حکوومەتەکە دەبێتەوە حکوومەتێکی جووت حزبی، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستانەکانی پارتی بکەین کە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان ئەنجامی دەدات و دواتر بەرچاومان روون دەبێتەوە شێوازی کابینە نوێیەکە چۆن دەبێت".
لەلای خۆیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف تەیفور رایگەیاند، حزبەکەی ھەوڵ دەدات بە رێکەوتن و گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان لە زوترین کاتدا حکوومەتی نوێ پێکبھێنن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکیان پێکھێناوە و بەمزووانە لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن دەچنە ناو گفتوگۆ و دانوستانەکانەوە.
عارف تەیفور دوێنێ دوای سەردانێکی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "نابێت جارێکی تر حکوومەتی بنکە فراوان لە ھەرێمی کوردستان دروست ببێتەوە کە بە ھۆی ئەو حکوومەتەوە زیانمان کرد، ھەرکەس لە حکوومەتی نوێ بەشدار دەبێت لەگەڵمان، دەبێت پەیمان یان بەڵێنی ئەوە بدات یان رێککەوتنی لەگەڵ بکرێت کە دەبێت نەفەسی لەگەڵمان درێژ بێت و لە قەیران و خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام بێت و لە نیوەی رێگادا جێمان نەھێڵێت".
بەرپرسەکەی پارتی جەختی کردەوە لەوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لایەنێکی سەرەکی بەشداری حکوومەت دەبێت و ناتوانن بەبێ ئەوان ئیدارەی حکوومەت بکەن، بۆ لایەنەکانی تریش ھەر لایەنێک نەیەوێت بەشداری حکوومەت بکات دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن.
لە بەرامبەردا کوێستان محەمەد باس لەوە دەکات گۆڕان ھەردوو بژاردەکەی لە بەردەستە بۆ بەشداری کردن لە حکوومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەو مەبەستەش راپرسی ناوخۆیی دەکات، ئەو گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان ھەردوو بژاردەکەی لە بەردەمدایە لەوەی بەشداری کابینەی نوێی حکوومەت بکات یان ببێتە ئۆپۆزسیۆن، گۆڕان دەیەوێت ئەو بڕیارە لە خوارەوە دروست بکات لەسەر ئاستی بازنە و مەکۆ و ژوورەکانەوە بێتە جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی و ھەموومان پێکەوە ئەو بڕیارە بدەین کە ببینە ئۆپۆزسیۆن یان بچینە حکوومەت، بەڵام بۆ ئەوەش بزووتنەوەی گۆڕان پێویستی بەوە ھەیە کە یەکەم کارنامەی حکوومەت بزانێت کە کارنامەکەی چییە، دووەم ئەوەش بزانێت کە بەرکەوتەی ئەم حزبانە چۆنە و وەک جاری پێشوو دەبێت کەتەنھا بەشداری پێکردنێکی رەمزیە یان بەشداری پێکردنێکی فعلی و ھاوبەشی راستەقینەیە".
کوێستان محەمەد لە خولی دووھەمی پەرلەمان لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەرلەمانتار بووە و لە خولی سێھەمیشدا سەرۆکایەتی لیستی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد لە پەرلەمان کە سەرکردایەتی بەرەیەکی بەھێزی ئۆپۆزسیۆنی کرد و بۆ یەکەمجار لە پەرلەمانی کوردستاندا دوو بەرەی بەھێزی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دروست بوو.
ئەو ئێستاش مەیلی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوونە و ئەو بەرەیە لە بەرژەوەندی دیموکراسی و خەڵک دەزانێت، لە ھەمانکاتدا چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی حزبەکەی دەکات، لەو بارەیەوە گوتی: "بۆ جێگیربوونی دیموکراسیەت دەبێت ئۆپۆزسیۆن ھەبێت و نابێت حکوومەت لە ھەموو حزبەکان بێت، پێویستە حکوومەت ھەبێت و لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنێکی کارای بەھێزی جدی ھەبێت، بۆیە وەک خۆم پێمباشە بەشداربین لەو ئۆپۆزسیۆنە کارا بەھێزە جدییە، بەڵام لە دواجاردا ئەوە بڕیاری ھەموو گۆڕانە و بڕیاری من نیە بەتەنھا، رەنگە لەم قۆناغەدا ئەگەر بچینە حکوومەتەوە ئەوا گۆڕان وەک حزب ھەندێک قازانج و سوود بکات، بەڵام بۆ خەڵک و جێگیربونی دیموکراسیەت دەبێت لە بەرامبەر دەسەڵاتدا ئۆپۆزسیۆنێکی کارای جدی بەھێز ھەبێت".
ئەندامەکەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی شاندی حزبەکان دەبینن و لە شێوازی بەشداری کردنی حزبەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەت تێدەگەن، ئەوکات بڕیاری ئاستەکانی خوارەوەی ناوخۆی گۆڕان وەردەگرن و جڤاتی گشتی و نیشتمانی بڕیاری کۆتایی یەکلا دەکاتەوە.
شێوازی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەسی یەکەم کە رێکخەری گشتی ـ یە دەست پێدەکات، دواتر خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، مەکۆ، بازنەکان دێت.
لە دوای کۆتا دانیشتنی خولی چوارھەمی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا داھاتوودا خولی پێنجەمی پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، دوای راسپاردنی لایەنی براوەی ھەڵبژاردن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، گفتوگۆ و دانوستانەکان دەست پێدەکات.