Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی - AA
شاندێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە سەردانی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یان لە شاری سلێمانی كرد و هەردوولا لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دوایین گۆڕانكارییەكانەوە قسەیان كرد.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە لە سلێمانی و هەڵەبجە، عارف تەیفور دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن لە نزیكترین كاتدا حكوومەتێكی نوێ پێكبهێنن و بە رێكکەوتن لەگەڵ هەموو لایەنەكان بگەنە ئەنجام.
عارف تەیفور گوتی: "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر تەجاوزی پەنجا بە پەنجامان كرد و گەشیتوینەتە قۆناغێكی تازە كە لەسەر بنەمای كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ برادەران دەبێت و لەسەر خاڵەكان رێكکەوتنمان هەبێت، هەروەها لەسەر ئەوە كۆكین كە نابێت جارێكی تر حكوومەتی بنكە فراوان لە هەرێمی كوردستان دروست ببێتەوە بە هۆی ئەوەی زیانمان لەو حكوومەتە كرد و بنكە فراوانەكە بوو بە هۆكاری ئەوەی ئێمە و یەكێتی بە تەنیا ماینەوە و ئەو برادەرانەی لەو حكوومەتە لەگەڵمان بوون لە كاتێكی هەستیار و حەریجدا بەجێیان هێشتین".
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف تەیفور گوتی: "هەركەس لە حكوومەتی نوێ بەشدار دەبێت لەگەڵمان، دەبێت پەیمان یان بەڵێنی ئەوە بدات یان رێكکەوتنی لەگەڵ بكرێت كە دەبێت نەفەسی لەگەڵمان درێژ بێت و لە قەیران و خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام بێت و لە نیوەی رێگادا جێمان نەهێڵێت".
ئەندامەکەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئومێدی خواست لە ماوەیەكی نزیكدا هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بگەنە ئەنجام، ئاماژەی بەوەش كرد كە بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكیان دروستكردووە و دەكەونە پەیوەندیكردن لەگەڵ حزب و لایەنەكان لە پێش هەموولایەكەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت.
عارف تەیفور ئەوەشی گوت "ئێمە رامان وایە لەسەر ئیستیحقاقی هەڵبژاردن حكوومەتی ئایندەی پێكبهێنین و ئەوەش باشترین چارەسەرە كە هەركەس چەندی بەدەستهێناوە و بەپێی خاڵ پۆستەكان دابەش بكەین، وەك پارتی 45 كورسیمان بەدەستهێناوە و تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمان بۆ ئێمە زۆر زەحمەت نییە، بەڵام پێویستمان بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە و بەبێ ئەوان ناتوانین ئەم حكوومەتە ئیدارە بدەین، لەبەر ئەوە هەوڵ دەدەین و لە نزیكترین كاتدا لەگەڵیان دەكەوینە گفتوگۆ و لە كورترین ماوەدا دەگەینە رێكکەوتن و ئەنجامێكی باش و لەگەڵ لایەنەكانی تر حكوومەتی ئایندە پێكبهێنین".
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف تەیفور باسی لەوەش كرد، هەر لایەنێك بەشداری كابینەی نوێی حكوومەت نەكات، دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن.
لە لای خۆیەوە ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قادر حەمەجان گوتی: "یەكێتی باش لەو واقیعە دەگات كە ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی دوو هێزن لە واقیعی كوردستان، لەبەر ئەوەش كە یەكێتی خاوەنی هێزی خەڵك و خۆمانین و بەپێی ئەو هێزە ئامادەین بۆ كۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت".
قادر حەمەجان گوتی: "دەبێت حكوومەتی ئەمجارە حكوومەتێك بێت كە حكوومەتی خەڵك بێت و لەبەردەم میلـلەت شەفاف بێت و سەروەت و سامانی میلـلەت بخەنە بەردەست خەڵكەوە و بتوانین هەرێمەكەمان باشتر ئاوەدان بكەینەوە".
ئەو جەختی كردەوە لەوەی، حزبەكەی بەشداری حكوومەت دەكات و بەشداری كردنەكەشی بەشدارییەكی كاریگەر دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشێكی راستەقینە لە نێوان هەردوولا، بۆ ئەو مەبەستەش شاندی خۆیان ئامادەكردووە بۆ كۆبوونەوە و دانوستان.