دهۆک - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى لە گوتارەکەیدا له زانكۆی ئه‌مریكی - كوردستان لە دهۆک، رایگەیاند "ئەوەی لە ناوچەکە دەگوزەرێت لە ئەنجامی هەڵەیەکی کۆن و نەخشەی جیۆسیاسی دوای شەڕی یەکەمی جیهانيیە و چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێکی گرنگی ئاشتییە لە ناوچەکەدا".

سەرۆکى هەرێم لە سەرەتاى گوتارەکەیدا دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە کرد بەهەر جۆرێک بەشداربوون لە سازدانی ئەم کۆنفرانسە لە دهۆک و بەخێرهاتنی میوانانی دەرەوەى کرد بۆ بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە.
بارزانى لە گوتارەکەیدا گوتى: "ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێکی زۆر گرنگی ناوچەکە و جیهانە. کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک هەر ئاسایش و پەیوەنديی وڵاتانی ناوچەکەی تووشی قەیران کردووە، بەڵکو بۆ سەر ئاشتی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی گەورە و جیهانیش بووەتە هەڕەشە، ئەوەی لە ناوچەکە دەگوزەرێت ئەنجامی هەڵەیەکی کۆن و نەخشەی جیۆسیاسی دوای شەڕی یەکەمی جیهانییە کە کۆمەڵێک کیشەی سیاسی لە ناوچەکەدا بێ چارەسەر هێشتەوە لەوانەش دۆزی کورد".
گوتیشى: "دۆزی کورد کێشەیەکی گەورە و چارەسەرکردنیشی بەشێکی گرنگی ئاشتییە لە ناوچەکەدا. هەروەها کێشەی هەندێ پێکهاتەی دیکەیش دوای جەنگ لەم ناوچەیە سەریانهەڵدا. جگە لەمانە نائارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە کە ئەم ساڵانەی دوایی هاتنە ئاراوە و بوونە هۆی گرفتی زیاتر لە ناوچەکەدا، لەوانە تێکچوونی هاوسەنگی لە ناوچەکە".

سەرۆکى هەرێم تیشکى خستە سەر گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و گوتى: "دوای بەهاری عەرەبی و رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، رۆڵی هەندێ وڵات لە ناوچەکە پاشەکشێی کرد، دەوڵەتان بۆ ئەوەی ببنە هێزی یەکەم و پێشەنگی ناوچەکە کەوتنە کێبڕکێ. ئەمانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی بەوەکالەت و ململانێی ناوچەیی. زەمینە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی نێودەوڵەتی رەخسا. ئەوە بووە هۆی مایەی گەرمبوونی شەڕەکان و کەمبوونەی دەرفەتی میانگیریی چونکە هێزە نێودەوڵەتییەکان لەجیاتی رۆڵی میانگیریی خۆیان، بوونە بەشێکی شەڕ. ئەوەش مێکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی یەکجار کەمکردەوە".

هەروەها راشیگەیاند "ناکۆکی مەزهەبی و نەبوونی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان هۆکارێکی دیکەیە. ئەم مەترسییە کە بەهۆی تێگەیشتنی دەمارگیریی مەزهەبی و عەقڵییەتێکی تۆڵەسەندنەوەی کۆن بە ئەنقەستیش كه‌ڵكی لێوه‌رگیراو و هاندرا تاوەكو ببێته زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ گه‌رمكردنی شه‌ڕ و ململانێی له ناوچه‌كه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات".
نێچیرڤان بارزانى لەبارەى مەترسییەکانى تیرۆر لەسەر ئاشتى و ئاسایشەوە دەڵێت "تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه له‌سه‌ر ئاشتیی و ئاسایش له ناوچه‌كه و له جیهاندا، رێككاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریش دیسان كێشه دروستده‌كات. نه‌بوونی ستراتیژێك له‌سه‌ر بنه‌مای چاكسازی ئابووری و سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پشتبه‌ستنی سەرەکی به رێككاری سه‌ربازی بۆ وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی تیرۆر، خۆی له خۆیدا كێشه‌یه و هۆكاریشه بۆ دووبارە به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی تیرۆر و بیری تووندڕەوی لە ناوچەکە".

دەشڵێت "لاوازی و شكستی سیاسی و ئابووری زۆر له سیستەمه فه‌رمانڕه‌واكانی ناوچه‌كه. نه‌بوون یان شکستی سیاسه‌تی گه‌شه‌پێدان و بێ دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی کە نائومێدی و بێ ئایندەیی و بێچاری و تووڕەیی، ببێته هه‌ستی به‌ربڵاوی گه‌لانی ناوچه‌كه به تایبه‌تی لاوان. ئه‌و هه‌سته ترسناكه بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی ناڕه‌زایی و زه‌مینه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ئاماده بۆ یاخیبوون و راپه‌ڕین. هه‌روه‌ها بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بیری تووندڕه‌وی. باجی قورسی سیاسه‌تی هەڵەی ئه‌و وڵاتانه له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی میله‌ته‌كانیان زۆر گران وه‌ستاوه. هۆكارێکی سهرهكیشە بۆ توڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌یی خه‌ڵك. ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌ش كه سیستەمێکی روو له دیموكراسی په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌داخه‌وه به‌ناوی دیموكراسییەوە مۆدیلێكی ئه‌وتۆ پیشاندراوه، كه خه‌ڵك له دیموکراسی و دەنگدان و كۆی پرۆسه‌ی سیاسی سارد كردووه‌ته‌وه".
بارزانى عێراق وەکو نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت "بۆ نموونه له عێراق له جیاتی فره‌یی سیاسی، فره ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات هه‌یه، له جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ستوور و یاسا باڵا ده‌ست بن، باڵاده‌ست و بڕیاربەدەستی حزبی و گرووپی چه‌كدار به‌رقه‌رار بووه و ئاكامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه کە ئه‌مڕۆ ده‌یبینین".
هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى بە رۆڵى هاوپەیماناندا گوتى: " شه‌ڕی دژی داعش هاوپه‌یمانییه‌كی نێودەوڵەتی به‌هێزی دروستكرد. و زۆر گرفتی ناوچه‌كه‌ی تا راده‌یه‌ك پاشهكشە پێكرد. به‌ڵام به هه‌ڵه خوێندنه‌وه‌ی ئاماژه‌كان و بڕوا بەخۆهێنانی پێشوه‌خته بەوەی کە داعش كۆتایی پێهاتووه، بووەهۆی خاوبوونەوەی هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتی و كێشه‌كانی گه‌رمتر كرد. له‌ڕاستییدا داعش نه‌ك هەر لەڕووی كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌وه به‌ڵكو له‌ڕووی سه‌ربازیشه‌وه ته‌واو نه‌بووه و هێشتاش بۆ ناوچه‌كه و جیهانیش مه‌ترسییه‌كی سه‌ره‌كییه. گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه هه‌مووان ده‌یانه‌وێت به سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی و مه‌یدانی نه‌ك به لێكتێگه‌یشتنی دانوستاندنی سیاسی شه‌ڕه‌كان كۆتایی پێبهێنن. بۆیه ده‌رفه‌تەکانی دانووستاندن هێشتا زۆر لاوازن بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م كێشەیە".
گوتیشى: "درێژه كێشانی شه‌ڕ و كێشه‌كان و نه‌بوونی ئاشتی و ئاسایش و سه‌قامگیری سیاسی، به‌هه‌ده‌ردانی سەر و ماڵ و سامانی وڵاتان له شه‌ڕ و ناکۆکیدا جگه له زیانه‌كانی ئێستایی، گه‌وره‌ترین مه‌ترسیشن بۆ ئاینده. ده‌بنه مایه‌ی گواستنه‌وه‌ی کێشە و قه‌یرانه‌كان و گرفتەکان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو. لەبیرمان نەچێت ناوچه‌كه له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكەشدایه كه وشكبوون و گرفتی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو و بەبیابانبوونە، ئه‌وه‌ش چه‌ندین قه‌یرانی دیكه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت بۆ ناوچه‌كه".
لەبارەى کاریگەرى نالەبارى دۆخى عێراق لەسەر هەرێمى کوردستانیشەوە، سەرۆکى هەرێم ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هەرێمى كوردستان له‌م رهوشە نالەبارەی عێراق و ناوچەکەدا به‌ده‌ر نییه. ده‌بێت هەرێم به وریایی كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ژینگه ئاڵۆز و نالەبارەدا به ئاسووده‌یی به‌ڕێوه‌بچێت. بۆیه هه‌وڵمانداوه و به‌رده‌وامیش ده‌بین بەوەی کە ستراتیژیمان هه‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م گرفتانە. ستراتیژی ئێمه درێژكردنه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاوەدانکردنەوەی هه‌رێمی كوردستانه بۆ هەموو عێراق و ناوچه‌كه".
بارزانى تێڕوانینى هەرێمى کوردستانى لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بۆ رای گشتى راگەیاند و گوتى: "به تێڕوانینی ئێمه تاكه رێگه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، دانوستاندن و رێکاری سیاسییه. ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی و شه‌ڕی یه‌كدی ده‌كه‌ن، ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ریی پێکەوە دابنیشن. نكوڵیكردن و زه‌بر و زۆر، كۆتایی به كێشه‌ی هیچ گه‌لێك ناهێنێت و خه‌ڵك له داواكارییه‌كانیان سارد نابنەوە. شه‌ڕ و ململانێی سه‌ربازی هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات. ئەوانە هه‌رچه‌ند درێژه بكێشن دواجار هه‌ر ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ و بگه‌نه لەیەکدی تێگەیشتن و رێككه‌وتن".
گوتیشى: "شه‌ڕ و خۆپڕچه‌ككردن بودجه و پاره‌یه‌كی زۆر له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هه‌ده‌ر داوه. به‌و پاره‌یه و به گیانی ئاشتیخوازی و پێكه‌وه ژیان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بووه ناوچه‌یه‌كی هه‌ره پێشكه‌وتووی جیهان. ئێستاش ده‌وڵه‌تان و گه‌لانی ناوچه‌كه ته‌نیا ئه‌و رێگه‌یان له‌پێشه بۆ خۆشگوزەرانی و بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی له ناوچه‌كەدا. نابێت گه‌لان و پێکهاتەکانی ناوچه‌كە بخرێنه شه‌ڕه‌وه، ئه‌وه كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات. ئێمە له هه‌رێمی كوردستان زۆر هه‌وڵمانداوه و زۆر باجی ئه‌وه‌مان داوه کە نه‌بینه به‌شێك له هیچ شه‌ڕێك. هه‌وڵمانداوه نه‌وایه‌كی ئارام بمێنینه‌وه و بتوانین داڵده‌ی ئه‌وانه‌ش بده‌ین كه له شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان هه‌ڵدێن. زۆر گرنگه هەموومان له هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌م ستراتیژییە هاودەنگ و هاوهه‌ڵوێست بین. دەبێ ئەوەش بڵێم ئه‌و هاوهه‌ڵوێستییه‌ی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه، زۆر جێی بایه‌خ و پێزانینه".
لە گوتارەکەیدا تیشکى خستە سەر ماندووبوونى گەلانى ناوچەکە لە شەڕ و ئاڵۆزى و گوتى: "ناوچه‌كه و گه‌لان و پێكهاته‌كانی به ده‌ست شه‌ڕ و ئاڵۆزییەکانەوە یه‌كجار ماندوون. به‌رگه‌ی شه‌ڕ و ناکۆکی زیاتر ناگرن. به‌دیهێنانی لێکتێگەیشتن و چاره‌سه‌ری سیاسی لە ناوچەکە له قازانجی هه‌موو جیهانه. شه‌ڕی داعش كۆتایی نه‌هاتووه. هێشتا پێكه‌وه‌یی و هاوپه‌یمانیەتی هه‌موومانی پێویسته. ده‌بێت له‌ناوبردنی ئه‌و دووژمنه سه‌رسه‌خته تاوەکو ماوه‌یه‌كی دوور ئامانجی هاوبه‌شی ههموولایەکمان و هه‌وێنی به‌رده‌وامبوونی هاوپهیمانییەتییەکی جیهانی و هەرێمی بێت له دژی تیرۆر".
نێچیرڤان بارزانى نوێكردنه‌وه‌ی سیستەم و میكانیزمه‌كانی سیاسه‌تەکانی حوكمڕانی و ئابووری کۆمەڵگە له‌م ناوچه‌یەدا بە پێویست دەزانێت و دەڵێت " پێویستییه‌كی هه‌ره له پێشه. ده‌بێت چاکسازی و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی هەمەلایەنەی جدی راسته‌قینه و سەردەمیانە وه‌ك ستراتیژ بگرینه‌به‌ر. حوكمڕانییەکانی ناوچه‌كه رووبكه‌نه میتۆد و سیاسه‌تێك كه تێگه‌یشتنێكی راسته‌قینه و واقیعیانه و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داوا و خواست و پێداویستی ره‌وای میله‌ته‌كانیان بن".
سەرۆکى هەرێم لە گوتارەکەیدا کە لە کۆنفرانسى ئاشتى و ئاسایشى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێشکەشى کرد باسى لە کێشەکانى عێراق کرد و گوتى: " به‌داخه‌وه زۆر له‌مه‌و به‌ر پێشبینی ئاكامێکی له‌و جۆره‌مان ده‌كرد. كاتێك پشت له ده‌ستوور كرا، یەکەم دەنگ کە هۆشدارییدا و زه‌نگی مه‌ترسی لێدا لە هەرێمی کوردستانەوە بوو. گوتمان ئه‌گه‌ر كار وا بڕوات و دەستوور و ئەو پره‌نسیپانە بخرێنە ژێرپێ کە عێراقی نوێیان له‌سه‌ر بونیاتنراوه، عێراق روو له هه‌ڵدێره. ئێستاش دەڵێین ئه‌وه‌ی روودەدات، كۆی ئه‌نجامی کەڵەکەبوونی 15 ساڵ هەڵەی سیاسی و ئابووری و پشتگوێخستنی ده‌ستووره"
گوتیشى: "چارەسەر ئەوەیە کێشە و گرفتەکان بەقەبارەی راستەقینەی خۆیان ببنجێن. خوێندنه‌وه‌ی دروست و واقیعیانەیان بۆ بکرێن. ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به كه‌م نه‌زانرێت و د‌رك به مه‌ترسییه‌كانیان بكرێت. وا نه‌زانین تێده‌په‌ڕێ و به هەندێ رێکاری لابه‌لا خامۆش دەبێت. تێگه‌یشتنی کێشە و قەیرانەکان و خواست و رووانین و داواکاری نەوەی تازە لە عێراق و ناوچەکە پێویستی بە پێناسەکردنەوەیەکی تازەی چەمکی ماف و ئازادییەکان هەیە. بۆ گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه له هه‌رێمی كوردستان چووینه به‌غدا و له‌گه‌ڵ هه‌مووان كۆبووینه‌وه. ئاماده‌یی هەرێمی کوردستان‌مان نیشاندا بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك كه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئارامی بۆ عێراق پێویست بێت. پێمانوایه ئه‌و سه‌قامگیرییه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان و له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدایه. به‌غدا ره‌هه‌ند و قوڵایی ستراتیژی هه‌رێمی كوردستانه. ئێمه ده‌بێت له چوارچێوه‌ی سه‌ره‌وه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراقدا ده‌سكه‌وت و مافه ده‌ستوورییه‌كانمان پارێزراو بن و په‌ره‌یان پێ بده‌ین. گه‌لان و پێکهاتەکانی عێراق شایانی ئه‌وه‌ن و دەبێت له دۆخێکی باشتردا بن. ناوه‌نده سیاسییه‌كان لە عێراق ده‌بێت په‌یامی هاووڵاتیان به جیدی وه‌ربگرن و وه‌ڵامی باوه‌ڕپێكراویان هه‌بێت. ئێمه بۆ ئەوە له به‌غدا بووین و هەموو هه‌وڵێکماندا کە پێکەوە بیر له چاره‌سه‌رێكی راسته‌قینه و جیدی بكه‌ینه‌وه. چاره‌سه‌رێك له ئاست گەورەیی ناڕه‌زایی و تووڕەیی خه‌ڵك بێت. ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتی هه‌موومانه و كه‌س ناتوانێت لە عێراقدا خۆی لێ بدزێته‌وه".
جەختى لەوە کردەوە کە جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دەبێت یارمەتیدەربن بۆ عێراق بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچەسپێت و شەڕ و ئاڵۆزی و کێشە و قەیرانەکان کۆتایی پێبێت. رابردوو سه‌لماندوویه‌تی کە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پڕ له كێشه و قەیران بۆ ناوچه‌كه و بۆ جیهان مایه‌ی سه‌رئێشه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منییه. بۆیە ئەمە نەک تەنیا ئه‌ركی ئێمه‌یە بەڵکو ئه‌ركێكی نێوده‌وڵه‌تیشه.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى لە کۆتایی گوتارەکەیدا لەبارەى سیاسەتى هەرێمى کوردستانیشەوە گوتى: "ئێمەش وه‌ك هه‌رێمی كوردستان وەک هەمیشە چی بكه‌وێته سه‌ر شانمان بۆ ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری ، ئاماده‌ین. هه‌ر لێره‌شه‌وه هه‌ڤاڵانمان و برایانمان له عێراق دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت بۆ سه‌قامگیری و ئاشتیی له عێراق دا، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه و كێشه‌كانی عێراق به كێشه‌ی خۆی ده‌زانێت و، ئاماده‌یه یارمه‌تی عێراق بدات بۆ ده‌رچوون لەم دۆخەی ئێستا هه‌یه‌تی".
news_share_descriptionsubscription_contact

