Zana Natık Kerem
20 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
کەتائیب حزبوڵڵا لە عێراق نزیک لە ئێران لە وەڵامی بانگەوازەکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، ھەڵوەشاندنەوەی باڵی چەکداری خۆی راگەیاند.
بەرپرسی ئەمنی کەتائیب حزبوڵڵا، عەلی عەسکەری لە تویتێکدا نووسیوویەتی: " فەرماندەکانی کەتائیب حزبوڵڵا بڕیاریانداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنیی و ھەروەھا راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی ھێزەکە و داخستنی بارەگاکانی".
ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنی لە ساڵی ٢٠١٤دا بە ئامانجی شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لەلایەن کەتائیب حزبوڵڵا پێکھێنرا.
ئەبو عەلی عەسکەری راشیگەیاندووە کە چەکدارانی سەرایا بەرگریی مەدەنیی لەگەڵ چەک و تەقەمەنیان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کراون و نووسیوویەتی: "ئەم بڕیارە لە وەڵامی یەکێک لە سەرکردە لایەنە دۆستەکان دراوە کە داوای کردووە، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق ھەلبوەشێندرێنەوە".
دوێنێ ھەینی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەڵوەشاندنەوەی لیوای یەومولمەوعود سەربە رەوتی سەدر و داخستنی بارەگاکانی راگەیاند و ئەوەیش وەک نیشاندانی نیازپاکی لە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
پێشتریش موقتەدا سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا داوای لە لایەنە سیاسیەکانی ناڕەزایی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، ئەگەر بڕیاریاندا بەشداری لە حکوومەتی داھاتوو بکەن، ئەوە دەبێت گرووپە چەکدارەکانیان ھەڵبَوەشێننەوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان لە رێگای فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، رادەستی حەشدی شەعبی بکەن.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.
ھاوپەیمانی فەتح کە چەتری سیاسیی گرووپە چەکدارە شیعەکانە بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، بە بەدەستھێنانی ١٦ کورسی دۆڕاوی سەرەکی ھەڵبژاردنەکانە، لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، بە بەدەستھێنانی ٤٨ کورسی براوەی دووەمی ھەڵبژاردنەکان بوو.
ماوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە، لایەنگرانی لایەنەکانی ناڕازیی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق خۆپیشاندان دژبە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدەن و داوا دەکەن پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ سەرجەم وێستگەکان ئەنجام بدرێتەوە.