کەرکووک
لە كەركووك كێشەی كارەبا ھەیە و رۆژانە چەندین سەعات كارەبا لەو شارە دەپچڕێت. كەركووك بڕەی ٣٥٠ میگاوات لە كارەبای نیشتمانی لە بەغداوە و لە ھەولێریشەوە بڕەی ٢٥٠ میگاوات وەردەگرێت بەڵام ئەم رێژەیە تێری كەركووك ناكات و چاوەڕوان دەكرێت كە رۆژانی داھاتوو رۆژانە ١٠ سەعات شارەكە كارەبای نەبێت.
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای كەركووك یاڵچین مەھدی بە ئانادۆڵو گوتی: "زیاتر لەو رێژەیەی كە لە ھەولێر و بەغدایەوە بۆ كەركووك روانە دەكرێت بە لانیكەمەوە كەركووك پێویستی بە ١٥٠ میگاوات كارەبا ھەیە، ئەو ٦٠٠ میگاوات كارەبایەی لە ھەولێر و بەغدایەوە دەدرێتە كەركووك زۆر كەمە و بە ھۆی زۆری ژمارەی ئەو ئاوارانەی روویان لە كەركووك كردووە حاڵی حازر زیاتر لەو ٦٠٠ میگاواتە پێویستیمان بە ١٥٠ میگاواتی دیكە ھەیە و رۆژانی داھاتوو بە ھۆی بەرز بوونەوەی پلەكانی گەرما ماوەی پچڕانی كارەبای نیشتمانی لە شارەكەدا لە ھەشت سەعاتەوە بۆ ١٠ سەعات زیاتر دەبێت.
یاڵچین مەھدی گوتی: "ساڵی رابردوو لە بەشێكی زۆری شار و شاروچكەكانی پارێزگای كەركووك كە لە لایەن داعشەوە داگیركرابوون كارەبایان ھەبوو و ئەو بارودۆخە تا كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بوو بەڵام لەسەرەتای ساڵەوە بە ھۆی ھێرشەكانی داعش بۆ سەر كەركووك و ئەو شەڕانەی روویانداوە بەشێكی زۆری دامەزراوەكان و ھێڵەكانی كارەبا لەناوچوون و ئەمەیش بووەتە ھۆی پچڕانی كارەبا، ٢٠ ترانسیزتۆر و ٨ ترانسیستۆری گەورە ( زەخت عالی) بە ھۆی شەڕەكانەوە تێك چوون و بۆیە شەش مانگە كە بەشێكی زۆری ناوچەكانی باشووری كەركووك كە ٥٥ كیلۆمەتر لە كەركووكەوە دوورن بەبێ كارەبان.
یاڵچین مەھدی گوتی: "رێككەوتنێكمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی كارەبا لە كوردستان ئیمزا كردووە و تا تەمووزی ساڵی ٢٠١٦ بەردەوامە، ئەو كۆمپانیایە ٢٥٠ میگاوات كارەبا بۆ كەركووك دابین دەكات، بە ھۆی نەدانی پارەی پارێزگای كەركووك لە لایەن بەغداوە حاڵی حازر ١٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزاری ئەو كۆمپانییەن و ئەگەر بێت و ئەو قەرزە نەدەینەوە ئەوا لە كەركووك كێشەی كارەبا گەورەتر دەبێت. پێویستە حكوومەتی ناوەندی ئەم كێشەیە چارەسەر بكات. لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە رۆژی یەكشەممە شاندێك بە سەرۆكایەتی جێگری پارێزگاری كەركووك سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ وەزیری كارەبادا كۆ ببێتەوە و داواكارییەكانی كەركووك ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا بكات.