سلێمانی
ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، پارێزگار و جێگری پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەكە لەگەڵ خاوەنی پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جێگری پارێزگاری سلێمانی سەردار قادر گوتی: "بە چاودێری پارێزگاری سلێمانی و ئەندامێتی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لیژنەیەكی باڵامان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون و رێكخستنەوەی پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و جێبەجێكردنی رێنماییەكان بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا".
سەردار قادر گوتی:" لە سنووری پارێزگای سلێمانی 47 پاڵاوگەی نایاسایی و كۆگای هەڵگرتنی سووتەمەنی هەیە، لە رێگەی كۆمپانیایەكی ئەڵمانییەوە زانیاری وردمان لەسەر ئەو پاڵاوگانە كۆكردووەتەوەو فۆرمێكمان پێداون بۆ پڕكردنەوە و ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵیاندا".
ئەو هەروەها گوتی: "بەپێی رێنماییەكان پێویستە ئەو پاڵاوگانە مەرجی ژینگەیی و هەلی كار لە بەرچاو بگرن و گرێبەستێكی پێنج لاپەڕەیمان بۆ ئامادە كردوون، تائێستا 31 پاڵاوگەیان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، 17 پاڵاوگە ماون و ئەگەر رێنماییەكان جێبەجێ نەكەن و گرێبەست ئیمزا نەكەن دادەخرێن".
جێگری پارێزگاری سلێمانی رەتیكردەوە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی بەنزین پەیوەندی بە داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەوە هەبێت و هۆكارەكەی بۆ نەهاتنی بڕی پێویستی بەنزین لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە گەڕاندەوە.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی لەسەر قەیرانی سووتەمەنی كە چەند رۆژێكە پارێزگاكەی گرتووەتەوەو زۆربەی بەنزینخانەكان بەهۆی نەبوونی بەنزینەوە داخراون، گوتی: "سلێمانی رۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن و 200 هەزار لیتر هەیە، دوێنێ بڕی دوو ملیۆن و 700 هەزار لیتر دابەش كراوە بەڵام هاووڵاتیان بۆ خۆیان بەشێكن لە قەیرانەكە و زیاتر بەنزین بەكار دەهێنن و هەڵی دەگرن".
پارێزگاری سلێمانی گەشبینی خۆی نیشاندا بە كۆتایی هاتنی قەیرانەكە لە ماوەیەكی نزیكداو ئاماژەی بەوەكرد لە هەموو سنوورەكانەوە بڕێكی زۆر بەنزین بەڕێوەیە و بەمزووانە دەگاتە شاری سلێمانی.
خاوەنی یەك لە پاڵاوگەكانی نەوت لە سلێمانی بێستون ساڵح گوتی: "لە ماوەی رابردودا ئەو پاڵاوگانە هاوكاری زۆری حكوومەتیان كردووە لە دابین كردنی بڕی پێویستی سووتەمەنی و پێدانی بە وێستگەكانی كارەبا، ئەو بەنزینە خراپەشی لە بازاڕەكاندا هەیە هۆكارەكەی ئەم پاڵاوگانە نییە".
ماوەی سێ مانگە پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی داخراون بە پاساوی خراپی كوالێتی ئەو پاڵاوگانە و كاریگەریی خراپیان بۆ سەر ژینگە و پیسكردنی ژینگەی ناوچەكە.