واشنتۆن
کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی سیناتۆرانی ئەمریکا، لەسەر داواکاری بەکارھێنانی ھێزی سەربازی لەدژی رژێمی سوریا لەلایەن ئەمریکا گفتوگۆی کرد. ھەر یەک لە جۆن کێری وەزیری دەرەوە، کوک ھێگەڵ وەزیری بەرگری و مارتن دێمپسی سەرۆکی ئەرکانی سوپا لەو کۆبوونەوەیە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکایان کرد.
جۆن کێری لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، رایگەیاند کە دەسەڵاتی کۆنگرێس تەنیا بەوە پەیوست نیە رەزامەندی بنوێنێ، لەسەر بەکارھێنانی ھێزی سەربازی، بەڵکو گرنگە بزانین کۆنگرێس لەوبارەیەوە چی دەڵێت و چۆن بیردەکاتەوە.
کێری ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا رژێمی ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکارھێناوە. دووبارە باسی بەڵگەی رێکخراوە ئیستیخباراتیەکانی کرد. لەوبارەیەوە دەڵێت:" لێرە و لەدەرەوە ھەندێک کەس لێکۆڵینەوە لەسەر بەڵگەکان دەکەن. ئەوەش ھەوڵێکە بۆ شاردنەوەی راستیەکان. ئەوە وەکو ھەوڵێک بۆ ئەوەی بڵێن رژێم ئەو کارەی نەکردووە. چەکی کیمیاوی بەکار ھاتووەو ئەوەی بەکاریشی ھێناوە رژێمی ئەسەدە".
" ئەوە بۆ مرۆڤایەتی بەزاندنی ھێڵی سوورە"
دەربارەی ئەوەی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی وەکو "بەزاندنی ھێڵی سوور" بەناو کردووە. کێری دەڵێ:" ئەوەیان ھەڵەیە. ئەو گفتوگۆیە پەیوەست بەوەیە کە ئەوە بۆ جیھان بەزاندنی ھێڵی سوورە، پەیوەستە بە بەزاندنی ھێڵی سووری مرۆڤایەتی. بەزاندنی ھێڵی سوورە بۆ ھەر کەسێکی خاوەن ویژدان. لەھەمان کات ئەوەیان بەزاندنی ھێڵی سوورە بۆ کۆنگرێس. وەکو کۆنگرێس ئێوەش پەیمانی قەدەخەکردنی چەکی کیمیاویتان واژو کردووە".
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت:" یان جیھان ئیدانەی بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن سوریا، ئێران، کۆڕیای باشوور، حزبولڵا و ئەلقاعیدە و ئەوانەی تر دەکات، یان ئەوەتا لەبەرامبەر ئەو کردەوە نا مرۆڤایەتیە بێدەنگ دەبین. لەکاتی بێدەنگبوونیش دەبێت بیر لە دەرەنجامەکانی بکەینەوە. بە بێدەنگبوونمان دەیسەلمێنین کە پەیامی جیھان جدی نیە لە ھەوڵەکانی بەرامبەر راگرتنی ھەوڵی ئایەتولڵاکان بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی ".
" ٣٤ وڵات پشتگیریمان دەکات"
لە وەڵامی پرسیارەکاندا کێری، رایگەیاند کە ٥٣ وڵات لەسەر ئەوە کۆکن کە چەکی کیمیاوی لە سوریا بەکارھاتووە. لەناویاندا ٣١ وڵات رژێمی ئەسەد بەرپرسیار دەبینن لەبەرامبەر بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی. ٣٤ وڵاتی تریش پێیانوایە ئەگەر ئەو بانگەشەیە راست بێ دەبێت پشتگیری لە ھەر کردەوەیەکی سەربازی لەدژی سوریا بکرێت.
"ئەگەر بڕیاری ھێرشی سەربازی نەدرێت، تەھران، بیونگیانگ و دیمەشق ئاھەنگ دەگێرن"
دەربارەی پرسیاری ئەگەر کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر ھێرشی سەربازی نەنوێنێ چی دەکەن؟ کێری دەڵێ لەوبارەیەوە ئۆباما ھیچی نەگووتووە:" بەڵام، تەھران، بیونگیانگ و دیمەشق ئەو کاتە ئاھەنگ دەگێڕن".
" ئەو دەرگایە بەتوندی دادەخەین"
دەربارەی ئایا ئەمریکا ھێرشی زەمینیش دەستپێدەکات؟ کێری دووبارەی کردەوە کە سەربازانی ئەمریکا پێ ناخەنە ناو خاکی سوریا:" ئەو دەرگایە زۆر بەتوندی دادەخەین"
جەنەڕال مارتن دێمپسی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا دەربارەی لە ئەگەری ئۆپاراسیۆنی سەربازی بوونە قوربانی خەلکی مەدەنی، رایگەیاند کە حسابی ئەوەیان کردووە و ژمارەی قوربانیانی مەدەنی زۆر کەم دەبێت، دەربارەی قوربانیەکانی رژێمی سوریاش دێمپسی دەڵێ، پێمباشە لە دانیشتنێکی داخراو وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.