بەغدا
لە گوتارێکیدا کە تەلەڤزیۆنی رەسمی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە پەخشیکرد (نوری مالیکی) سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی " با ھەموو سەربازییە بیانییەکان سوریا جێبێڵن، باشترین رێگە بۆ سەلماندنی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنەو جیھان لە ئاکامەکانی ئاگادار بکرێتەوە".
نوری مالیکی بانگەوازیکرد لەسەرۆکی وڵاتە عەرەبییەکان کە رێنەدەن خاکی وڵاتەکانیان بەکاربھێنرێ بۆ ھێرشکردنە سەر سوریا و گوتی" پێویستە وڵاتە عەرەبییەکان پەیمانی ئەوە بدەن نەبنە پاڵپشت بۆ ھێرشکردنە سەر سوریا. ھیچ ھێرشێکی سەربازیی پەسەند ناکەین چونکە نامانەوێ سوریایش ببێتە مەیدانی ململانێی جەنگ".
مالیکی بۆ دەرچوون لەقەیرانی سوریا پێشنیاریکرد لەو وڵاتە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێ و ھەموو لایەک بەئەنجامەکەی رازیبێ.
ھەروەھا داوایکرد وڵاتانی دراوسێی سوریا ئاوارە سوریاییەکان بەوپەڕی یارمەتییەوە بنێرنەوە وڵاتی خۆیان و وڵاتانی رۆژئاوایش بە ھاوکاریی وڵاتانی عەرەبی ھەوڵی پێکھێنانی حکومەتێکی کاتی لە سوریا بدەن.