Hemin Hüseyin
05 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بە سەردانەکەی بۆ وڵاتی فەڕەنسا کرد و هاوکات سوپاسی وڵاتی تورکیایشی کرد کە هەموو ئاسانکارییەکی بۆ شاندەکەی حکوومەتی هەرێم کردبوو کە سەردانی فەڕەنسایان کرد.
نێچیرڤان بارزانی دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانی ئەنجام دا و تێیدا سەرەڕای باسکردنی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی سەردانەکەیشی بۆ کۆشکی ئیلێزێ کرد کە پێش دوو رۆژ ئەنجامیدابوو.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە لەسەر بانگهێشتیی سەرۆکی فەڕەنسا، سەرۆک ماکڕۆن بەیاوەری شاندێک سەردانی پاریسمان کرد و دەمەوێت پێشەکی بەناوی گەلی کوردستانەوە زۆر سوپاسی سەرۆک ماکڕۆن بکەین بۆ ئەو بانگهێشتکردنە، سوپاسی سەرۆک و گەلی فەڕەنسا دەکەین کە هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا یارمەتی گەلی کوردستانییان داوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەم بانگهێشتکردنە نیشانەی پشتگیری و دۆسیتایەتی بەردەوامی فەڕەنسایە بۆ گەلی کورد و چارەسەری کێشەکانە، لەو کۆبوونەوەیەدا تەئکیدمان لەسەر ئەو خاڵانە کردەوە کە زۆر جاری دیکەش باسمان کردووە، یەکەمیان پابەندبوونی هەرێمی کوردستانە بە یەکێتیی خاکی عێراق، هەروەها چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور، رێزی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای عێراق باسکرد و بە سوپاسەوە سەرۆک ماکڕۆن زۆر بە لوفتەوە گوێی لێ گرتین و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور".
لە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کرد و گوتی: "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە پارێزگاری نوێی سلێمانی کرد و پشتگیری تەواوی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی سلێمانی بکات و هیوادارین لە کارەکانی سەرکەوتووبێت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان ئەوەبوو کە وەزیری ناوخۆمان راسپاردبوو کە راپۆرتێک لەبارەی رەوشی ئاوارەکانی کەرکووک و دووز ئامادە بکات و ئەمڕۆ پێشکەشی بە ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و لێرەوە داوا لە کۆمەڵگای نیودەولەتی دەکەین کە بەپەلە هاوکاری ئاوارەکان بکەن و بەپەلە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکەن. بەداخەوە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پێویست لەسەر خەت نییە و هەموویان دەیانەوێت ئەو کارەساتە گەورەیە بە بچووک سەیر بکەین و پێویستە دۆسیەک بکرێتەوە تایبەت بەو پێشێلکارییانەی لە دووز کراوە کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوونە و ئەوانە پێویستییان بە هاوکاری هەیە و تا ئێستا کە لەلایەن یوئێنەوە هاوکاری نەکراون".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی تورکیا کرد لە سەردانەکەی بۆ وڵاتی فەڕەنسا کە لە رێگای ئەو وڵاتەوە گەشتەکەی ئەنجام دا و لەمبارەیەوە گوتی: "بە سوپاسەوە تورکیا هەموو ئاسانکاری کردبوو بۆ ئەم گەشتە و پەیوەندی ئێمە بەردەوامە لەگەڵ تورکیا و هەر کاتێک کە پێویست بە قسەکردن و یەکتربینین هەبێت ئەوا یەکتر دەبینین".
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بەڵام چەند دەروازەیەک داخراوە، کردنەوەی ئەو دەروازانە لە بەرژەوەندی ھەردوولایە و ھیچ بیانووێک بۆ داخستنی ئەو دەروازانە نەماونەتەوە و هیوادارین هەرچی زووترە ئەو دەروازانە بکرێنەوە و خەڵک بتوانن کاری بارزگانی و هاتوچۆ بکەن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتووش لە هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هێشتا دیدارەکانی خۆمانمان تەواو نەکردووە، بۆ ھەڵبژاردن بڕیاری کۆتایی نەدراوە، لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆمان کردووە، بە تەئکید لە ماوەیەکی نزیکدا وادەی ھەڵبژاردن دیاری دەکەین. بۆچوونی خۆمان وایە کە پێویستە لەماوەیەکی نزیکدا وادەکەی دیاریبکەین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە دوو خوولی یاسادانان لە پەرلەمان".
لەدرێژەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد کە کاتێک باڵیۆزی ئەمریکا ھاتە هەرێمی کوردستان، باسی لە میکانیزمێکی هاوبەش کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لە مبارەیەوە گوتی: "ئێمە پێمان وابوو کە ئەگەر ئەو میکانزیکەمە بە بەشداری هەرێمی کوردستان نەبێت ئەوا کەموکوڕی تێدایە و جەخت لەوە دەکەینەوە کە ھەر میکانیزمێک بۆ ئەو سنوورانەی کێشەیان لەسەرە، دەبێت ھەرێمی کوردستان بەشێک بێت لەو میکانیزمە، لە رووی دەستووریشەوە ئەوە تەواوە، ئەو میکانیزمەی ئێستا لە نێوان ھاوپەیمانان و عێراق ھەیە بۆ ناوچەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، بە ڕاستی نازانین و دەبێت ھێزەکانی ھەرێمی کوردستانیش لەوێ ھەبن، ئەو شوێنانە شوێنی ناکۆکن و گفتوگۆیان لەسەرە و ماددەیەکی دەستووریمان ھەیە کە نەخشە رێگای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دیاری کردووە، ئێمە پێشوازی لە میکانیزمێکی سێ قۆڵی نێوان هاوپەیمان و بەغدا و هەرێم دەکەین".
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراقیش گوتی: "ئەگەر بوودجەیەک هەبێت بەم شێوەیەی کە ئێستا هەیە، ئەوا نەبێت باشترە، ئێمە بۆچوونەکانی خۆمان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە ئای ئێم ئێف راگەیاندووە، کە عێراق پێویستی بە یاسای بوودجە هەیە و دەبێت رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بیت و نەبوونی بوودجە بە مەترسی دەزانین بۆ هەموو عێراق".
لەبارەی ئەنجامنەدانی دیدار و کۆبوونەوەش لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەبێت پرسیار لە عەبادی بکرێت کە ھۆکار چییە ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات. ھەڵوێستی ئێمە روونە و بەردەوام ئەوەمان دووپاتکردووەتەوە کە ئامادەی گفتوگۆین، تا ئێستا ھیچ گفتوگۆیەک لە نێوانماندا نییە، ئەگەر ئەوان ئامادەن ئەوا ئێمەش ئامادەین".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوەی ئێستا بەغدا لە دژی ھەرێمی کوردستان دەیکات، ھیچ پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە و لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئەو سیاسەتەی لە بەغدا پەیڕەو دەکرێت، هیچ پەیوەندی بە کوردستانەوە نییە، ئەوان پێیانوایە کە ھەلێکیان بۆ ھاتووەتە پێش بۆ تێکدانی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، ئەمەیە سیاسەتییان و لە شێوەی داڕشتنی بوودجەی عێراقدا بە روونی ئەمە بەدیار دەکەوێت، بەستنی فڕۆکەخانەکان تەنها زیان بە خەڵک دەگەینێت و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات، ئەوەی دەیکات دژی بەشێکی ھاووڵاتییانی عێراقە کە لە ھەرێمی کوردستانن، فڕۆکەخانە دادەخەن کێشە بۆ ئەوانە دروست دەبێت کە سەردانی وڵاتان دەکەن یان نەخۆشن، ئێمە پێمان وایە دەبێت ئەو هەست بەو بەرپرسیارییەتییە بکات".