Rewa Mahmood Hasan
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی ـ AA
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بەجیا لەگەڵ ھەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی مەزاری سەرکۆماری کۆچکردووی عێراق، جەلال تاڵەبانی کرد و دوای دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزارەکەی، لە نێو دەفتەری یادەوەرییەکاندا، چەند رستەیەکی نووسی.
دواتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرەتا لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیەوە قسەی کرد و رایگەیاند کە ئەوان کاری لە پێشینەیان دروستکردنی ھاوپەیمانێتییەکی کوردستانییە و سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەن تاوەکو کۆدەنگی و ھاوپەیمانێتییەکی کوردستانی دروستبکەن و گوتی:"ئەگەر ھەر لایەنێک بە جیا کاربکات ناتوانین ھیچ دەستکەوتێک بەدەستبھێنین".
سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم سەرەتا سوپاسی ھاووڵاتیانی کرد بۆ ئەو دانبەخۆداگرتنەی ئەو چەند ساڵەی پێشوو، کە ھەرێم لە قەیرانی دارایی قورس بوو، ئەو گوتی:
"ئەگەر تێگەیشتنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەبووایە، دۆخی ھەرێم بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە بەڕێوە نەدەچوو، ئێمە یەکەم شت سوپاسیان دەکەین، ھەوڵی ھەموو لایەکمان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت و بەندە، ھەر ھەموومان ئەوەیە بتوانین لەم دۆخەی ھەیە دەربچین و بتوانین ئایندەیەکی گەشتر دەستەبەربکەین بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان. من بە دڵنیاییەوە دەڵێم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ و ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ باشتر کردنی دۆخ و گوزەرانی ھاووڵاتیان لەھەرێمی کوردستان".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی کە ئایا کەی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی،" ئێستا شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە، ئامانجیان لەو سەردانە گەیشتنە بە ئەنجامێک لەو گفتوگۆیانە و لەسەر پرسی نەوت گفتوگۆ کراوە، ھەفتەی داھاتوو لەسەر بوودجەش قسە دەکرێت، ئێمە گەشبینین لەوەی کە بگەین بە ئەنجام".
لەبارەی ھەوڵەکان بۆ گۆڕین و لەسەرکارلادانی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی ھەرێم گوتی :"ھەر ھەنگاوێک لە بەرژەوەندی عێراقدا بێت ئێمە لەگەڵ ئەو ھەنگاوەداین، بەڵام ئێمە پێمان وانییە کە بەگۆڕینی کەسێک دۆخەکە باش دەبێت، عادل عەبدولمەھدی یەک ساڵە بووەتە سەرۆکوەزیران، ئەم کێشانەی کە ئێستا لە عێراق ھەیە کێشەکانی پێشترن و ھی یەک ساڵ نین، ئەمە بەیەک کەسیش چارەسەر ناکرێت، دەبێت کۆدەنگیەکی تەواو لە نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا ھەبیت، ئێمەش وەک بەشێک ئەوەی لەئەستۆی ھەرێمە، من بەسەردانی چەند جارەم بۆ بەغداو لە دانیشتنەکانمدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەعێراق دووپاتی ئەوەم کردۆتەوە کە ھەرێم ئامادەی ھاوکارییە تاوەکو عێراق لەو قەیرانەی ئێستا تێیکەوتووە لێی دەربچێت".
سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەش، نێچیرڤان بارزانی گوتی:" یەکێک لە کارەکان کە دەستمان پێکردووە، یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەیە، ھەر دوو جێگرانی سەرۆکی ھەرێم کاک سەید مستەفا و کاک شێخ جەعفەر بەشێلگیرانە سەرقاڵن و لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن، ھەتا ئێستا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی باشیان کردووە، کۆبوونەوەکانی ئێمە بەردەوامە ھەم لەگەڵ ھاوپەیمانان کە یارمەتی ئێمە دەدەن بۆ ئەو ریفۆرمە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمەش بەجددی خەریکین کە ھیوادارین بگات بە ئەنجامێک".
لە وەڵامی پرسیارێکی تر ھەر لەبارەی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی بۆ رەوانە کردنی پشکی ھەرێم لە بوودجە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:"سەبارەت بەوەی کە ئێمە سەدی چەندمان داوا کردووە، جارێ دەمەوێت یەک شت روون بکەمەوە، عێراق ھەرگیز لەسەدا ١٧ی بوودجەی ھەرێمی کوردستانی نەداوە، لە باشترین حاڵەت دەشێت لەسەدا ١١ی داوە و کەمتریش لەوە، ئەوەی ئێمە ئێستا باسی دەکەین، سیستمی فیدڕاڵی ھەموو جیھان بەشێوەیەکە کە لە ناوەندەوە پارە بدرێت بە ھەرێمەکان (مینحە)، ئەگەر ئێمە بتوانین لەگەڵ بەغداد رێککەوین لەسەر ژمارەیەک، ئەوەی کە ئێمە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەوڵی بۆ دەدەین باشترین چارەسەرە".
لەبارەی ئامادەکارییەکانیش بۆ داڕشتنەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیراندا ئەنجامدەدەن و باس لە دەستووری ھەرێمی کوردستان دەکەن.