Rewa Mahmood Hasan,Zana Natık Kerem
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی ــ AA
راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دڵشاد شەهاب رایگەیاند كە ئامانجی سەرەكی ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری یەكخستن، یەكریزی و یەكگوتاری نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر ئەو رەوشەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش عێراق پێدا تێپەڕدەبن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیچێرڤان بارزانی لە سەردانێکدا بۆ سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان و دواتر مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان کۆبوویەوە.
دڵشاد شەهاب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئامانجی سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان لە سلێمانی خستەڕوو و گوتی: "سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی یەكخستن، یەكریزی و یەكگوتاری نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێكردووە بەرامبەر ئەو رەوشەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش عێراق پێدا تێپەڕدەبن، پێشتر سەرۆكایەتی هەرێم زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان رێكخستبوو كە بەخۆشحاڵییەوە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان تیایدا بەشدارییان كرد، سەردانەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ لای لایەنە سیاسییەكان لە سلێمانی هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دراوە".
راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دڵشاد شەهاب گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا، هەنگاوی باش نراون و بڕیاری باشیش دەركراون كە جێگەی چاوەڕوانی خەڵكی كوردستان بێت بە تایبەتیش لەو رەوشەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش عێراق پێدا تێپەڕدەبن، هەموو خەڵكی كوردستان بە تێكڕا چاوەڕوانی یەكگوتاری لە لایەنە سیاسییەكان دەكەن و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش دەستی داوەتە ئەو ئەركە و خۆشبەختانە وەڵامێكی باش لە لایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە، بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی ئەم پڕۆسەیە بەردەوامیان هەبێت و ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگرەكانی و شاندی یاوەری سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان لە سڵیمانی دەست پێكرد بۆ ئەوەی یەكەم هەم سوپاسیان بكات بۆ ئەو بەدەنگەوەهاتنەیان و دووەمیش درێژە بدەن بەم گفتوگۆیانە".
سەبارەت بە ناوەڕِۆكی كۆبوونەوەكانی شاندی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دڵشاد شەهاب گوتی: "خۆشبەختانە، قەسەكانی هەردوو لایەنی سەرەكی بەشدار لە حكومڕانی كوردستان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە لە كۆبوونەوەكاندا باس كران، قسەی دڵخۆشكەرن و هەموویان لەگەڵ ئەوەدان كە تواناكان یەكبخرێن و هەمووان پاڵپشتی پڕۆسەی بەڕِێوەچوونی پەیوەندی باشی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال بین بۆ ئەوەی ئامانجی سەرەكی یەك گوتاری هەرێمی كوردستان بێت، هەروەها بەدەستهێنانی مافی خەڵكی كوردستان بێت و پارێزگاریكردن بێت لەسەر ئەو ماف و دەستكەوتانەی چی لە شایستەكانی هەرێم لە رووی دارایی و بوودجە كە ئێستا لە حكوومەتی ناوەندی كار بۆ ئامادەكردنی بووجەی ساڵی 2020 دەكرێت و چی لەو هەنگاوە سیاسیانەی كە دەنرێن بۆ ئامادەكاری بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری فیدرالی عێراق".
راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان تیشكی خستەسەر ئەوەی كە "سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسە سەرەكییانە كۆكن و سەرۆكایەتی هەرێمیش وەك چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنەكان وەك گەورەترین دامەزراوەی نیشتمانی و باڵاترین دەسەڵاتی بەڕێوبردن لە هەرێمی كوردستان بەم ئەركە هەڵدەستێت و ئەم ئیرادەیە بەجددی لە سەرۆكایەتی بەرجەستەیە و پشتیوانی لایەنەكانیشی هەیە، بۆیە جێگەی دڵخۆشییە كە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ بەم ئاراستەیە زۆر سەركەوتووبوون و چاوەڕوان دەكرێت ئەم سەردانانە بەردەم بن و هەر بۆ هەمان مەبەست سەردانی لایەنەكانی تریش دەكرێت".