Heman Hussein Yaseen
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری لەناوبرد.
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، بەختیار نەوزاد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دوای نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، لیژنەیەک پێکهات بە نوێنەرایەتی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر، وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بۆ لەناوبردنی و سووتاندنی ئەو حەب و ماددە هۆشبەرانەی کە لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا دەستی بەسەرداگیراوە و دۆسییەکانییان لە دادگاکاندا یەکلایی کراونەتەوە".
جۆر و بڕی ماددە هۆشبەرە لەناوبراوەکان؛ ١١٠ کیلۆ و ٨٦٦ گرام تلیاک، ٣١٢ کیلۆ و ٥١٠ گرام هیرۆین، ٣٠ کیلۆ و ٤٠ گرام حەشیش، ٢١ کیلۆ و ٨٩١ گرام کریستاڵ، ٣٦ هەزار و ٤٣٠ شیت حەبی تڕامادۆڵ، پێنج هەزار و ٣٠١ شیت حەبی تریڤین، سێ هەزار و ٧٦٠ شیت حەبی سۆمادریل، ٥٥٠ شیت حەبی دیازپام، ١٢ هەزار و ٨٠ حەبی هۆشبەری جۆراوجۆری دیکە، ٢٩ گووش داری هۆشبەر، ١١ کارتۆن شروبی هۆشبەر، ١٨ کارتۆن قوتووی بەتاڵی حەب، دوو کارتۆن پاکەتی دەرزی بەتاڵ و ١٥ کارتۆن حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر.