Sarmand Hameed
23 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2021
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی بڕیاریدا ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت، لە دەرەوەی وڵات ئەنجام نەدرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەوە ھاتووە کە دەنگدەرانی عێراقی ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن دەتوانن دەنگ بە بازنەی ھەڵبژاردنەکانیان بدەن بە مەرجی بوونی کارتی بایۆمەتری.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە کۆمیسیۆنی رووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی ھونەری و دارایی و یاسایی و تەندروستیی بووەتەوە لەوانە تەواونەکردنی تۆماری دەنگدەرانی عێراقی دەرەوەی وڵات بەشێوەی بایۆمەتری و ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە نزیکەی ١٦٠ رۆژ ھەیە لە کاتێکدا وادەی پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری تەنھا ٤٠ رۆژی ماوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوە داوای لێبووردنی کردووە لە پرۆسەی تۆمارکردن و دەنگدان لە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە بەھۆی ئەستەم بوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەکاتی ئێستا و ئەم خولەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پرۆسەی کردنەوەی ھەژماری بانکی بەناوی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە دەرەوەی وڵات و رێکارە ئەمنیی و کارگێڕیی و داراییەکان لە دەرەوەی وڵات کاتی زیاتری پێویستە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە شوێنێک کە لە دەسەڵاتی سەروەری عێراق نەبێت ئەوا دەکەوێتە ژێر بڕیارەکانی ئەو وڵاتە و دادگاکانی عێراق مافی ھیچ رێککارێکیان نابێت لەبەرامبەر ئەو سەرپێچییانەی کە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئەنجام دەدرێن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژارنەکانی ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە وەک لە بڕیاری ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٢١ ی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی کە لەلایەن ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە روونکراوەتەوە، ناردنی کارمەندانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ وڵاتانی دەرەوە لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، سەلامەتییان دەخاتە مەترسییەوە.
لە راگەیەندراوەکەی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە بە رەچاوکردنی ئەو ھۆکارانەی سەرەوە و بە پشت بەستن و لەپێناو ئەوەی ھاووڵاتیانی عێراق بتوانن بەشێوەیەکی کارا بەشداریی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بکەن، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی نائاسایی رۆژی دووشەممە رێککەوتی ٢٢ی ئاداری ٢٠٢١دا بڕیاریدا بە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەرەوەی وڵات کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە کۆتاییە و لە رووی یاساییە ناکرێت گۆڕانکاریی تیادا بکرێت.