Azad Mohammed Abdullah
30 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2018
دهۆک - AA
ئەندامى شاندى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، کامەران حاجۆ رایگەیاند "سەردانى شاندى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەسەر بانگهێشتى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا بووە".
ئەندامى شاندى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، کامەران حاجۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دوێنێ بە سەردانێکى فەرمى لەسەر بانگهێشتى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا بۆ ئەنجامدانى چەند کۆبوونەوەیەک لەبارەى ئایندەى سووریا و پێکهاتەکانى ئەو وڵاتە شاندێکى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا ( ئەنەکەسە) بە سەرۆکایەتى سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، سعود مەلا و شاندى یاوەرى گەیشتینە مۆسکۆى پایتەختى ئەو وڵاتە چەند کۆبوونەوەیەکى گرنگمان ئەنجامدا".
لەبارەى تەوەرى کۆبوونەوەکان کامەران حاجۆ گوتى: "کۆبوونەوەى شاندى ئەنەکەسە لەگەڵ جێگرى وەزیرى دەرەوەى رووسیا، میخائیل بۆگدانۆڤ و هەردوو بریکارەکەی بوو، کە هاوکات میخائیل بۆگدانۆڤ نێردەى تایبەتى سەرۆکى رووسیایە بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقا، کۆبوونەوەکە لە بارەگاى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا لە مۆسکۆ ئەنجامدرا، تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکان تاوتوێکردنى دۆخى سیاسى سووریا و دۆزینەوەى چارەسەرێکى سیاسی لەچوارچێوەى بەیاننامەى جنێڤ یەک و بڕیارى ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتى ژمارە ٢٢٥٤ گفتوگۆى لەبارە کراوە".
گوتیشى: "یەکێکى دیکە لە تەوەرەکان بریتى بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر لێژنەى دەستوورى، شاندى ئەنەکەسە و شاندى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا جەختیان لە گرنگى مافى سەرجەم پێکهاتەکانى سووریا بە گشتى و کورد بە تایبەتى لە دەستوورى سووریای ئایندەدا کردەوە، جگە لەمەیش ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا جەختى لە سووریایەکى فیدرال، فرە لایەن و دیموکرات کردەوە".
ئەو ئەندامەى شاندى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) گوتیشى: "رەوشى عەفرین و گرنگى گەڕانەوەى هاووڵاتییان بۆ سەر زێدى خۆیان و دابینکردنى ئارامى و دوورکەوتنەوە لە هەر پەیوەندییەک کە ببێتە مایەى ناکۆکى لە نێوان پێکهاتەکانى عەفرین گفتوگۆى چڕ و پڕى لەسەر کرا".
کامەران حاجۆ دەڵێت "رووسیا جەختى لە بەردەوامى پەیوەندییەکانى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا ( ئەنەکەسە) کردەوە و بۆ بەردەوامى پێکەوە ژیانى نێوان پێکهاتەکان لە ئایندەى سووریادا، هەوڵەکانى ئەنەکەسە و گرنگیدانى ئەو ئەنجوومەنە بۆ دانوستاندنى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان گەرەنتى ئایندەیەکى سەرقامگیر و دیموکرات و ئازادە بۆ کۆمەڵگەى سووریا".
شاندەکەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا لە هەریەکە لە سەرۆکى ئەنجوومەن، سعود مەلا و بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنەکەسە، کامەران حاجۆ و ئەندامى لێژنەى پەیوەندییەکانى ئەنەکەسە، ئیبراهیم برۆ و ئەندامى دەستەى سیاسى ئیئتیلافى سووری و نوێنەرى ئەنەکەسە لەو ئیئتیلافە، حەواس خەلیل عەگید.
شاندى وەزارەتى دەروەى رووسیا لە جێگرى وەزیرى دەرەوەى رووسیا، میخائیل بۆگدانۆڤ و هەردوو بریکارەکەى پێکهاتوون.