ئاچی رۆژھەڵات
لە دوای ھەڵخەڵەتاندنی مسوڵمانانی ئاراکانی (رۆھینگییەکان)، لەلایەن قاچاخچییەکان بەبیانووی دۆزینەوەی کار لە مالیزیا و تایلاند، ئێستا لە ناوچەی ئاچێ رۆژھەڵاتی ئیندۆنێزیا ژیانێکی سەخت لە نێو کەمپەکان بەسەر دەبەن.
ھاوکات ئەم پەنابەرانە لەلایەن وڵاتی ئیندۆنیزیا لە کەمپێکی ناوچەی ئاچی نیشتەجێکراون و پێداویستی خۆراک و جلوبەرگیان بۆ دابین دەکرێت بەڵام لەبەر ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەریا ماونەتەوە بۆیە باری تەندروستیان خراپە و لەلایەن پزیشکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.
یەکێک لە پەنابەران بەناوی محەمەد رەشید کە شەش رۆژە ھاتوونەتە نێو کەمپەکە رایگەیاند کە ئەوان بۆ ماوەی چوار مانگ لە نێو دەریا بوون و لە پاڵ ئەمەشدا گوتی: "ئێمە لە دەریای نێوان میانمار و بەنگلادیش سواری کەشتییەک بووین کە نزیکەی ٤٥٠ کەسی تێدابوو، ھاوکات تەنھا ١٠ کیلۆگرام برنجمان پێ بوو، پاشان کاپتنی کەشتییەکە کە بودیست بوو، ئێمەی لە نێو کەشتییەکە بەجێھێشتوو، لە دوای ئەمەش ماسیگرانی وڵاتی ئێندۆنیزیا ئێمەیان رزگار کرد".
ھاوکات ئافرەتێک بەناوی دیندار بێگام کە لەگەڵ منداڵەکەی توانیویەتی خۆی رزگار بکات، رایگەیاند کە ماوەی چوار مانگە لە نێو دەریادان و ھاوکات زۆربەی کاتەکانیش خواردنیان نەخواردووە. بەرپرسانی ئیندۆنێزیا رایانگەیاند کە لە کەمپی بیرام بایان، ٣٥٧ مسوڵمانی رۆھینگیایان نیشتەجێ کردووە کە ٨٤ کەسیان منداڵ بوون.
جێگەی باسە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە هەتا ئێستا نزیکەی دوو ھەزار پەنابەری ئاراکان و بەنگلادیش لە نێو دەریاکان بەجێماون و وڵاتی دراوسێش چوار ھەزار پەنابەریان رزگار کردووە.