Heman Hussein Yaseen
16 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2020
جێگری پارێزگار و گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ھەولێر، ھێمن قادر رایگەیاند، لە کاتژمێر شەشی بەیانی تا شەشی ئێوارە، شوێنە پیشەسازییەکان، شوێنی تایبەت بە خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل جگە لە پیشەسازی باکوور و باشوور، نەمامگەکان، چێشتخانەکان، شیرنەمەنییەکان، بەپێی مەرجە تەندروستییەکان کراوە دەبن.
ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ھەولێر رێنماییەکانی تایبەت بە قەدەغەی ھاتوچۆی بڵاوکردەوە کە تیایدا گۆڕانکاری لە کاتەکانی کردنەوەی چەند شوێنێک کردووە بە گشتی لە کاتژمێر شەشی بەیانی تا شەشی ئێوارە زۆربەی شوێنەکان کراوە دەبن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ھەولێر، ھێمن قادر گوتی: ''دوای بەیانی ژمارەی ٢٧ی وەزارەتی ناوخۆ، چەند رێنماییەکمان دەرکردووە تایبەت بە قەدەغەی ھاتوچۆ کە تییدا لە کاتژمێر شەشی ئێوارە تا ١٢ی شەو قەدەغەی ھاتوچۆ بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت''.
ھێمن قادر گوتیشی: "نووسینگهكانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکە ئەهلییەکان، رۆژانی دووشهممه، سێشهممه، چوارشەممە و پێنجشەممە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە كراوه دهبن".
گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ھەولێر، ھێمن قادر راشیگەیاند کە، لە کاتژمێر شەشی بەیانی تا شەشی ئێوارە، شوێنە پیشەسازییەکان، شوێنی تایبەت بە خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل جگە لە پیشەسازی باکوور و باشوور، نەمامگەکان، چێشتخانەکان، شیرنەمەنییەکان، بەپێی مەرجە تەندروستییەکان کراوە دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد، قەدەغەی ھاتوچۆی تا رۆژی ٢٣ی نیسان درێژکردەوە.
بڕیارەکانی ژووی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە
١- کردنەوەی مارکێت و نانەواخانە و سەمونخانە و گۆشت فرۆش و سەوزە و میوەفرۆش.
٢- کردنەوەی چێشتخانە و شیرنەمەنی و چەرەزات بە دلیڤەری و بە پێی مەرجە تەندروستییەکان لە دەرەوەی سنووری شەقامی ٣٠ مەتری.
٣- ئۆتۆمبێلی دابەشکردنی غازی ماڵان و تەنکەری زێراب و ئاوەڕۆی پیسی ماڵان.
٤- ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ماست و بەروبوومە شیرییەکان.
٥- کردنەوەی روونگۆڕ و پەنچەرچی و شەریکاتی (صيانة)ی ئۆتۆمبێل لە رۆژانی یەکشەممە و سێشەممە و پێنجشەممە جگە لە ناوچە پیشەسازییەکانی باشوور و باکوور کە بۆیان نییە کراوە بن.
٦- کردنەوەی کارگەکان و پڕۆژەکانی بازرگانی و وەبەرھێنان و بیناسازی بە مەرجی نەبوونی ھیچ گردبوونەوەیەک لە کاتی کارکردندا، ھەروەھا کەلوپەلی بیناسازی لە دەرەوەی شەقامی ١٠٠ مەتری، بەپێی مەرجە تەندروستییەکان.
٧- سەرتاشخانەی پیاوان بە مەرجێک چوار کەس زیاتر لە ژوورەوە نەبن بە سەرتاشەوە. شوێنی ئوتووکردنی جلوبەرگ لە دەرەوەی شەقامی سی مەتری.
٨- ھەڵگرانی مۆڵەتی فەرمی کشتوکاڵ(بنەتۆ، قڕکەر، پەین، ئالیک فرۆش و شوێنەکانیان)
٩- ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی دەرمانی کۆگاکان بۆ دەرمانخانەکان.
١٠- ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کەلوپەلی خۆراک و کەرستەی پاککەرەوە بۆ مارکێتەکان، بەپێی مەرجە تەندروستییەکان.
١١- کردنەوەی نۆڕینگەکانی ڤێتەرنەری، بەپێی مەرجە تەندروستییەکان.
١٢- گۆشتگە کراوە دەبێت.
١٣- کۆمانیاکانی گەیاندنی دیلیڤەری و پۆست.
١٤- کردنەوەی نەمانگەکان(مەشتەل).
١٥- کردنەوەی مۆبیلیات و فەرشفرۆش بە مەرجێک بە ئۆنلاین بفرۆشرێت و گەیاندن و گواستنەوەشی لە لایەن فرۆشیاران و کۆمپانیاکان دەبێت.
١٦- سەربڕخانەی مریشک لە ٥ ئۆتۆمبێل زیاتر رێگەیان پێنادرێت، بە مەرجی پشتگیری بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەولێر و بەڕێوبەرایەتی ڤێتەرنەری پارێزگای ھەولێر.
بڕیارەکانی تایبەت لە کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٨ی بەیانی
١- ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گازی مۆلیدەکان و کردنەوەی گۆڕەپانی گازفرۆشان.
٢- پزیشک و کارمەندانی ڤێتەرنەری و پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵی و کشتوکاڵ و چوون بۆ باخداری و کاروباری کشتوکاڵی و ھەنگداری.
٣- خاوەنی مۆلیدە و کارپێکەری مۆلیدەکان.
٤- گواستنەوەی کەلوپەلی خۆراکی بریکارەکەکانی خۆراک.