Rewa Mahmood Hasan
17 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2020
سلێمانی- AA
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ رای گشتی رایدەگەیەنێت، رێگا نادەن بارودۆخەکە بەرەو تەسعید و ئاڵۆزکرد و پشێویی ببرێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بە سەرپەرشتی هاوسەرۆکی یەکێتیی، لاهور شێخ جەنگی کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەک بۆ رای گشتی بڵاویکردەوە و جەخت کراوەتەوە کە رێگا نادەن بارودۆخەکە بەرەو تەسعید و ئاڵۆزکرد و پشێویی ببرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسییدا داوا لە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کراوە کە بۆ ئارامی ناوچەکە و پاراستنی سەرو ماڵی خەڵک، هێزەکانیان لە ناوچەکە بەدوور بگرن.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لە کاتێکدا هاووڵاتییان و هەرێمەکەمان و جیهان گیرۆدەی چۆنێتی بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ترس و دڵەڕاوکێ لە ئاکامە تەندروستیی و ئابووری کۆمەڵایەتییەکانی لەم بارودۆخە سەختەی ژیان و بژێوی هاووڵاتییان هەموومانی سەرقاڵ کردووە، لەو پێناوەدا یەکێتیی هەموو ئۆرگانەکان و توانای خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاری یەکە ئیدارییەکان و حکوومەتی هەرێم تەرخان کردووە.
ئا لەم ئانوساتەدا، لەجیاتی هێورکرنەوەی هاووڵاتییان لە رووی دەروونیی و دابینکردنی گوزەرانیان، بەداخەوە دەبینین ئاراستەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرامی جیاجیاو بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر یەکێتیی و سەرکردایەتییە نوێکەی کە چەندین جاریشە دووبارە دەبێتەوە، سەرەتا بەگرتنی ژمارەیەک هەڤاڵ و کەسوکاری شەهیدی یەکێتیی و پاشان بەگژیەکداکردنی دوو دەزگای ئەمنی و هەواڵگری سەر بە حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو رێگەیەشەوە تانەدان و تۆمەتبارکردنی یەکێتی، تا هێنانی هێزێکی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ شوێنێکی ئارامی وەک زینی وەرتێ بەبیانووی کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، ئەمە سەرەڕای نەدانی بەشە بوودجە و هاوکاری رێکخراوە جیهانی و ناوخۆییەکان کە لەسەر حسابی تایبەتی حکوومەتی هەرێمە و بێ بەشکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لێی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سۆنگەی هەستکردن بە لێپرسراوێتی و هەستیاری بارودۆخەکە تائێستا دانی بەخۆیدا گرتووە هەر بۆیەش داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا لەسەر داوای رەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.
هەروەها داواکارین لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە بۆ ئارامی ناوچەکە و پاراستنی سەرو ماڵی خەڵک و بیانوو نەدان بەدەستەوە هێزەکانیان لەناوچەکە بەدوور بگرن.
هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێکی تر دڵنیاتان دەکاتەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرنامەو کۆششی بە پەلەی رووی لە پاراستنی ژیان و تەندروستیی هاوولاتییان و دابینکردنی قوتیانە کە ئەم بەڵا جیهانییە کاری تێکردوون، بەو بۆنەیەشەوە داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەین چارەسەری بەپەلە بۆ بژێوی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت بدۆزێتەوە کە بەهۆی پابەندبوونیان بە رێنماییەکانی حکوومەتەوە زەرەرمەندی یەکەم بوون، لێرەشەوە رایدەگەیەنین سەرکردایەتی نوێی (ی.ن.ك) لەگەڵ هیچ جۆرە تەسعیدێکی سەربازیی و ئیعلامی نین و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکەکەمان، وەک هەمیشە، بەشێک دەبین لە چارەسەرو بەهیچ جۆرێک رێگە بە ئاراستەی ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە نادەین.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی سیاسی رەوشی کەرکووک و مووسڵ و خانەقین و خوورماتوو و مەخموورو کوڵەجۆی تاوتوێ کرد، کە هەروەک ئاگادارین لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بارودۆخی ئاسایش و سەربازی ئەو ناوچانە لە ئاستی پێویستدا نین ، سەرەڕای سەرقاڵی دامودەزگاکانی میری بە بارودۆخی تەندروستی وڵات و بەگژاچوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمانە هەمووی بووەتە هۆی دروست بوونی بۆشایی سەربازیی و ئاسایش لە ناوچەکە و هەڵکشانی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، دەرەنجامیش ژمارەی قوربانییەکان لە شەهیدکردن و بریندارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاووڵاتییان و جوتیاران لەزیادبوونە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێ لەناو دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە سەرجەم پێکهاتەکان.
بۆیە جەخت دەکەینەوە جارێکی دیکە لە حکوومەتی فیدراڵی عیراق لەسەروو هەموویانەوە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق کە بەپەلە پێداچوونەوە بکات بە بارودۆخەکە و هەماهەنگی بکەن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە و روبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی داعش کە بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان.
جێی ئاماژەیە، دوای ناردنی فەوجێکی لیوای ٧ ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابردوو و بەدوای ئەوانیشدا چوونی هێزێکی سەر بە یەکەی ٧٠ ھێزی ١٢٢ و جێگیرکردنیان لە زینی وەرتێ، چەکدارانی پەکەکە چوونە ئەو ناوچەیە و لە ناو تاوەرێکی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بارەگایان دانا.