كاربەدەستانی چین لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابە لە بارەی دامەزراندنی ناوەندی بەرگری ئاسمانی لە لایەن چین لە دەریای رۆژهەڵاتی چین رەت دەكەنەوە و دەڵێن دامەزراندنی ئەو ناوەندە لە دەریای رۆژهەڵاتی چین لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدایە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هۆنگ لی رایگەیاند سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی چینی تۆمەتبار كردووە، بۆیە ئێمە وەكو چین ئەو لێدوانانەی سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن رەت دەكەینەوە، چونكە ئەو ناوەندە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا دامەزراوە.
هۆنگ لی ئاماژەی بەوە كرد ژاپۆن ساڵی پار لە بارەی ناوچە جێ ناكۆكەكانی نێوان هەر دوولا، هەڵوێستێكی یەك لایەنانەی نواندووە و ئەمرۆ ئەو هەڵوێستە دووبارە دەكاتەوە. چین بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا رێوەشوێنی پێویستی جێ بەجێكردووە، هیچ هەنگاوێكی نەناوە كە لە دژی یاسای نێودەوڵەتی بێ.
ئاشكراشیكرد كە دامەزراندنی ناوەندی بەرگری ئاسمانی لە لایەن چینەوە لە دەریای رۆژهەڵاتی چین، دژی ئازادی بۆشاییگەری نییە و تاوانباركردنی چین لەلایەن ژاپۆنەوە هیچ جۆرە كاریگەری و ئەنجامێكی نابێ.
دوێنێ سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن لە میانی كۆبوونەوەیەكدا رەخنەی لە حكومەتی چین گرتبوو و رایگەیاندبوو كە دامەزراندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە دەریای رۆژهەڵاتی چین پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە.