ئاژانسی ھەواڵیی ئیرنای ئێرانی بڵاویکردەوە یاریدەدەری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە ھەریەکە لە ئێران و پاکستان بە پێی ڕێککەوتننامەی نێوانیان، بەرپرسن لە دروستکردنی ھێڵی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی لە ناو خاکی خۆیاندا.
یاریدەدەری وەزیری نەوتی ئێران درەنگ خستنی دروستکردنی بۆری گوێزەرەوەی نەوت و گاز بە ھۆکاری سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئێراندا لەلایەن پاکستانەوە، "بەھانەیەکی بێ مانا" وەسف کرد.
تاران رایگەیاندووە بۆ دروستکردنی ئەو بۆرییە نەوتبەرە، دوو ملیار دۆلاری خەرج کردووەو پێویستی بە یەک ملیار دۆلاری دیکە ھەیە بۆ تەواو کردنی.
ھەروەک راشیگەیاندووە ئەگەر بێتو پاکستان دەست بکا بە دروستکردنی ئەو بۆرییە، ئەوا زیاد لە چوار ساڵی دەوێ تا تەواو دەکرێ. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پاکستان و ئێران، دەبوو لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ دا ئەو بۆرییەی ناو پاکستان تەواو بوایە.
حکومەتی ئێران دەڵێ ناتوانێ جێبەجێ کردنی پرۆژەی بۆری نەوتبەری وڵاتێکی دیکە، بگرێتە ئەستۆ و بەھیچ شێوەیەک ھاریکاریی دارایی پاکستان ناکا بۆ دروستکردنی ئەو بۆرییە نەوتبەرە. چونکە بۆ تەواو کردنی ئەو بۆرییە لە خاکی پاکستاندا، پێویستییان بە ٢.٥ ملیار دۆلار ھەیە و پاکستان داوای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار ھاوکاریی لێکردوون.
بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو ھیچ ھیوایەکیان بە ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتنە نییە لەگەڵ پاکستان کردوویانە.
لە دەساڵی دواییدا ئیسلام ئاباد لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای ئێران لە دانوسان و گفتوگۆدابووە تا دواجار ساڵی ٢٠١٠ دا گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی رۆژانە ٢١.٥ مەتر سێجا گازی سروستی لە ئێرانەوە ھاوردە بکا، سەڕەرای تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا، ئێران چەندین جار ھۆشداریی داوەتەوە ئیسلام ئاباد. ئێستا بەرپرسانی ئێرانی ھەڕەشەی بەنێودەوڵەتی کردنی پرسەکە دەکەن.
حەفتەی پێشوو وەزیری نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی پاکستان سەردانی تارانی کرد. لەکاتی گەرانەوەی بۆ ئیسلام ئاباد، رایگەیاند: حکومەتی پاکستان بەپێی ڕێککەوتنامەی نێوان خۆیان و ئێران دەبوو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان بکا بۆ دروستکردنی بۆریی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی بەناو خاکی پاکستاندا، بەڵام ئێستا لەتوانای پاکستاندا نییە ئەو بڕە پارەیە دابین بکا.