تاران
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ( عەباس عەرەقچی) رایگەیاند: سەرۆکی ئەمریکا داوای سازدانی پەیوەندیی تەلەفونی نێوان خۆی و سەرکۆماری ئێرانی کردووە.
عەرەقچی گوتی" ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان حەسەن رۆحانی و باراک ئۆباما لە سەر داوای ئۆباما بووە، بەڵام ھەندێ میدیای ئەمریکا باسی ئەوە دەکەن گوایە ئێران داوای ئەو پەیوەندییەی کردووە. کەچی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆی ئەو داواکارییەی پێشکەشی لایەنی ئێرانی کردووە".
عەرەقچی لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەمریکا لە بابەتێکی ئەوەندە گچکەدا متمانەی پێ ناکرێ چون دەتوانرێ بۆ گفتوگۆ کردنی متمانەی پێبکرێ؟ گوتی" ھەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا ھەڵەیەکی گچکەیان کردووە و بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندنیش کە نایانەوێ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاسایی ببنەوە، ئەو بابەتەیان وروژاندووە".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە ئەوان ١٠٠% متمانە بە بەرامبەر خۆیان ناکەن و ھەڵوێستی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە بەرامبەر ئەمریکا ھەڵوێستێکی راستە و پشتی بە ئەزموونی ساڵانی رابردوو بەستووە.