Azad Mohammed Abdullah
27 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2018
دهۆک - AA
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ رایگەیاند "هەر کوردێکى ئێزدى رەتی بکاتەوە بچێتە عەفرین گولـلەباران دەکرێت لە لایەن چەکدارانى پەکەکە".
قاسم شەشۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دواى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى لقى زەیتونى سوپاى تورکیا بۆ سەر چەکدارانى پەکەکە/یەپەگە لە عەفرین، چەکدارانى پەکەکە لە شنگال دەستیان بە گواستنەوەى ژن، منداڵ و گەنجانى ئێزدى کردووە بۆ عەفرین و هەر کوردێکى ئیزدى داواکارییەکانى پەکەکە رەتبکاتەوە گولـلەباران دەکرێن و بە حوکمى چەک لە شەڕدا بەکاریان دەهێنن، هەر بەو هۆیەوە تا ئێستا گەنجێک کوژراوە و دووى دیکەش بریندار کراون".
قاسم شەشۆ گوتیشى: "پەکەکە دانیشتووانى ناوچەکە هەڵدەخەڵەتێنێت و وەها خەڵکەکە تێدەگەیەنن بۆ خۆپێشاندن و رێپیوان دەیانگوازنەوە عەفرین، بەڵام کە دەگەنە عەفرین وەک قەڵغانێکى مرۆیی و چەکدارى شەڕکەر سوود لەو گەنجە ئێزدییانە وەردەگرن".
ناوبراو دەڵێت "حەشدى شەعبى هاوکارى پەکەکە دەکات لە گواستنەوەى کوردانى ئیزدى، رێگە سنووریەکانى نێوان عێراق و سووریا بەکاردەهێنن و کۆمەڵگەى خانەسۆر مەڵبەندى گواستنەوەى ئەو کوڕ و کچە ئێزدییانەیە".
فەرماندەی فەرماندەیی شنگال ئاشکراى دەکات بە هۆى حوکمى پەکەکە و ئەو بەزۆر گواستنەوەیە دەیان خێزان هەن پەرتەوازە بوون و لە یەکتر دابڕاون، ئەمەیش نیگەرانى گەورەى لە نێوان هاووڵاتییانى ناوچەکە دروست کردووە.
دەشڵێت "گەنجانى کوردى ئیزدى نیگەرانن لەوەى بەسەریاندا سەپێنراوە و داوا دەکەن ببن بە پێشمەرگە و شنگال بپارێزن و تاکە داواکارییان ئەوەیە پەکەکە لە ناوچەکە دەربچێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەى دەگوزەرێت بەکارهێنانى خەڵکى ئێزدییە بۆ بەرژەوەندییە حزبى و کەسییەکانى پەکەکە".
قاسم شەشۆ ئاماژەى بە دۆخى شنگالدا و گوتى: "شنگال لەبەردەم دەیان کێشەى گەورەدایە و بوونى ئەو گرووپە نادەستوورییانە دیموگرافیاى شارەکەیان گۆڕیوە و بۆشایی ئەمنى و سیاسیان دروستکردووە و ئەمەیش دەرفەتى داوەتە دەست چەندین گرووپ و کەسى تێکدەر کە دەست بۆ تاڵانبردنى ماڵ و حاڵى خەڵک ببەن".